نووسينگه‌ى عه‌بادى راگه‌يه‌ندراوێكى له‌ باره‌ى سه‌ردانى شاندى هه‌رێم بڵاو كرده‌وه‌

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى له‌ باره‌ى سه‌ردانى شاندى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ به‌غدا راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى له‌ باره‌ى سه‌ردانى شاندى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ به‌غدا راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى شاندى حكومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكايه‌تى حكومه‌تى عێراق باس له‌ ره‌وشى سياسى و ئاسايش و ئابوورى و شه‌ڕى دژ به‌ داعش كراوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماده‌كارييه‌كان بۆ رزگاركردنى مووسڵ و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى ئيتيحادى  و حكومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌ماى ياسايى و ده‌ستوورى تاوتوێكراوون.

نووسينگه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت باسى له‌وه‌شكردووه‌، عه‌بادى پێشوازى له‌ شانده‌كه‌ى هه‌رێم كردووه‌ و جه‌ختى له‌سه‌ر به‌رده‌وامى گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا كردووه‌ته‌وه‌ تا گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى وڵات و به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولاى تێدا ره‌چاو كرابێت به‌ گوێره‌ى ياسا و ده‌ستوور، به‌ تايبه‌تى له‌ رووى به‌رهه‌مى نه‌وتى و راده‌ستكردنى بڕى پێويست نه‌وتى هه‌رێم و له‌ به‌رامبه‌ردا پێدانى شايسته‌ داراييه‌كان به‌ گوێره‌ى رێككه‌وتنى هاوبه‌ش به‌و په‌ڕى روونى و شه‌فافييه‌وه‌.

هه‌ر له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌ پيرۆزبايى له‌ عه‌بادى كردووه‌ به‌ بۆنه‌ى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌ورانه‌ى له‌ خالدييه‌ و گه‌ياره‌ و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى ديكه‌ به‌ده‌ستهاتوون و هيواشى خواستووه‌، به‌رده‌وام بن له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان تا رزگاركردنى يه‌كجاره‌كى هه‌موو خاكى عێراق و زاڵبوون به‌سه‌ر داعشدا.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا، هاتووه‌، هه‌ردوولا باسيان له‌ به‌رهه‌مى نه‌وتى كه‌ركووك و كێڵگه‌ نه‌وتييه‌كانى هه‌رێم كردووه‌ و رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنى دانووستانى ته‌كنيكى له‌ نێوان وه‌زاره‌تى نه‌وتى ئيتيحادى و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سرووشتييه‌كانى هه‌رێم.

هه‌روه‌ها جه‌ختيش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى له‌ نێوان هه‌ردوولا هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى رزگاركردنى مووسڵ و پابه‌ند بوونى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ پلانى رزگاركردنى شاره‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گيانى زۆرترين خه‌ڵكى مه‌ده‌نى رزگار بكرێت.

له‌ كۆتايى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌سه‌ر گرنگى يه‌كڕيزى هه‌ڵوێستى عێراق و هاوكارى نێوان هه‌موو لايه‌ك كردووه‌، به‌ تايبه‌تى له‌ كاتێكدا كه‌ جيهان چاودێرى ره‌وش و شه‌ڕى مووسڵ ده‌كات و ئه‌نجامه‌كه‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى عێراق و گه‌له‌كه‌يدا ده‌بێت.