سەرۆک بارزانی: کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراقدا هاتووەتە ئاراوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، "کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئاراوە".
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 3ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ماڵی عەممار حەکیم، لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کردووە و ئەوەی خستووە تەڕوو، "لە سەرەتای کۆبوونەوەکە عەممار حەکیم، بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانی کرد و ئەو سەردانەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد؛ هەروەها ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی کورد و شیعە دا وەک خاڵێکی هاوبەش بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت".
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەشی خستەڕوو، ئێستە کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتۆتە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەکردنی کێشەکان".
سەرۆک بارزانی "هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین".
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی بیروڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆک بارزانی هەروەها جەختی لە پاڵپشتی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی کردەوە کە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانە و بەپشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان پێک هێنراوە.
بارەگای بارزانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا درا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ڕابردوودا هەبوونە و هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە داهاتوودا دێنە ئاراوە".