رووماڵ

سەرۆک بارزانی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی کۆ بووەوە

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەندەلاوی لە بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەندەلاوی لە بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)

سەرۆک بارزانی لەگەڵ موحسین مەندەولای، سەرۆکی بە وەکالەتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە.

کاتژمێر 09:10 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-07-2024، سەرۆک بارزانی لەگەڵ موحسین مەندەولای، سەرۆکی بە وەکالەتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە شاری بەغدا کۆبووەوە.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوکەەی نێوان سەرۆک بارزانی و موحسین مەندەلاوی؛ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چەند پرسی دیکە تاوتوێ کراون.

بە گوێرەی کارنەمەی سەردانەکەی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەکەی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەم بەرپرسە سیاسییانە لە بەغدا کۆ دەبێتەوە:

- لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق.

- خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە.

- محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم

- باڵیۆزانی وڵاتە عەرەبییەکانی لە بەغدا

- محەممەد کازم، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا

- ئەنیل بۆرا، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا

- ئەسعەد عەیدانی، پارێزگاری بەسرە

کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد تەمیم و فوئاد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆ بووەوە. هەمان ڕۆژ سەرۆک بارزانی بەشداریی کرد لە دوو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی.

بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.

سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ڕایگەیاند، "ئێستە کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەکردنی کێشەکان".

سەرۆک بارزانی "هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین".