ڕاوێژکارێکی سوودانی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بەرهەمدار بووە
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە پارتە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بەرهەمدار بووە.
د. حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی 'حەدەس' ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە پارتە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها بەشدارە لە پێکهێنانی حکوومەتی محەممەد شییاع سوودانی.
گوتیشی: سەردانەکەی سەرکردەی نیشتیمانی سەرۆک بارزانی، بۆ بەغدا ئاماژەیە بۆ بەهێزی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەک و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەوەشمان لە کۆبوونەوەکاندا بەدی دەکرد.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی باسی لەوەش کرد، کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی و ئیدارەی دەوڵەت و کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی و باڵیۆزخانەکان، ئەوە دەردەخات کە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی سەردانێکی بەرهەمدار بووە. هەروەک سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی ژمارەیەک دۆسیە لە چوارچێوەی دەستووردا چارە کران و گفتوگۆیەکانیش لە نێوان حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. سوودانی توانی سەرکەوێت بەسەر زۆرێک لەو کێشە و قەیرانانەی لە حکوومەتەکانی دیکەوە کەڵەکە بووە و ماوەتەوە.
حوسێن عەلاوی ڕاشیگەیاند، کابینەکەی سوودانی هەر لە یەکەم ڕۆژییەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە بۆ چارەکردنی کیشەکانی مووچە و نەوت و ئەمنی و سنوورەکان و هەروەها ناوچە هاوبەشەکان، کە ئێستا هاکارییەکەی باش لە نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، کە پێکەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێکەوە لە سنوورەکانی لای ئێران و تورکیا کاری هاوبەش دەکەن.
دەشڵێ: هەموو ئەو بەرەوپێشچوونانە لە ئەنجامی کاری هاوبەش هاتووەتە کایەوە، کە محەممەد شیاع سوودانی بە پێچەوانەی حکوومەتەکانی پێشووتر سیاسەت دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانیش لەسەر ئەوبابەتانە گفتوگۆی کردووە و وای کردووە هەموو سیاسییەکانی عێراق لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە، چ لە ڕێگەی ئیدارەی دەوڵەت بێت یان هەماهەنگی شیعە یان لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیران یخود لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بێت.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکان چی سیاسی بێت یان ئەمنی، بە هاوبەشی دەدرێت، هەروەها لەیەنە کوردییەکان چالاکن لە حکوومەتدا بەشدارن لە بڕیاردانەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی، کە هێزەکانی پێشمەرگە و سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە ئامادەییان لەکۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی هەیە.