بەشیر حەداد: هیچ کێشەیەکی گەورەی سیاسی عێراق بەبێ دەستوەردانی سەرۆک بارزانی چارە نەکراوە
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دیپلۆماسییەتی هەرێم لەناوەوە و لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سەرکەوتنەکانی بەدیار دەکەوێت، هەروەها کاریگەریی سەرۆک بارزانی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق بە گشتی، وادەکات ڕۆڵی لە هەموو گۆڕانەکان و چارەکردنی کێشەکانی عێراقدا هەبێت.
د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەربارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەکانی ڕابردوودا زۆر بارودۆخ لەسەر ئاستی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە کە خۆش و ناخۆشی تێدا بووە.
بەشیر حەداد گوتیشی: ئەو سیاسیەتەی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات، هەروەها دیپلۆماسییەتی هەرێم لەناوەوە و لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سەرکەوتنەکانی بەدیار دەکەوێت. هەروەها ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، کە سیاسەتمەدارانی بەغدا خۆیان دەڵێن: سەردانێکی گرنگ و مێژووییە، ئەمەش پەیوەستە بەکاریزمایی و کەسایەتی سەرۆک بارزانی و بەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتەی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر پەیڕەوی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەماوەکانی ڕابردوو زۆرینەی سەرکردەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانییان کردووە و ئەوانیش زۆر داوایان دەکرد سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا بکات و لە نزیکەوە دابنیشن و باسی دۆخی عێراق بکەن.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لەسەرەتای دامەزراندنی عێراقی نوێوە لە دوای 2003ەوە تاوەکو ئێستاش، هیچ کێشەیەکی گەورەی سیاسیی عێراق یان پێکهێنانی حکوومەت بەبێ دەستوەردانی سەرۆک بارزانی چارە نەکراوە، بۆیە کاریگەریی سەرۆک بارزانی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق بە گشتی، وادەکات ڕۆلی لە هەموو گۆڕانەکان و چارەکردنی کێشەکانی عێراقدا هەبێت، گوتیشی: پێم وایە لەگەڵ سوننەکاندا دادەنیشێت و لێکیان نزیک دەکاتەوە و وادەکات هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە زووترین کات چارە ببێت.
بەشیر حەداد ڕاشیگەیاند، نەک تەنها چارەکردنی کێشەی سوننە، بەڵکو کێشەی ڕێککەوتنی شنگال خاڵێکی سەرەکی سەردانەکە دەبێت، هەروها بابەتی موسڵ کە ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا چەند بڕیارێکیان بۆ گۆڕینی پۆستەکان داوە، کە پێچەوانەی ماددەی 140 بووە. هەروەها پێم وایە کەرکووکیش دەبێتە خاڵێکی گفتوگۆکان.
جەختیشی کردەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مومارەسەی سیاسەت لای سەرۆک بارزانی، ئەوەیە لەکاتی نەرمی، نەرمی دەنوێنێت، لەکاتی جددی سیاسەتی زبر دەکات، کەواتە سیاسەتی نەرم و زبر لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەیە بەتایبەتی لە سیاسەتی سەرۆک بارزانی.