سەرۆک بارزانی لەگەڵ پارێزگاری بەسرە کۆبووەوە
پێنجشەممە، 4ـی تەمموزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەی نێوانیاندا بارودۆخی سیاسیی عێراق و بار و گوزەرانی پارێزگاکانی باشووری عێراق و هەروەها دەرئەنجامەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا تاوتوێ کرا.
هەر لەو دیدارەدا، جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە بواری پرۆژە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان کرایەوە.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا
کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد تەمیم و فوئاد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆ بووەوە. هەمان ڕۆژ سەرۆک بارزانی بەشداریی کرد لە دوو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ڕایگەیاند، "ئێستە کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەکردنی کێشەکان".
سەرۆک بارزانی "هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین".