رووماڵ

سەرۆک بارزانی لە بەغدا؛ دوو ڕۆژی پڕ لە دیدار و کۆبوونەوە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری

سەرۆک بارزانی لە بەغدا زیاتر لە 17 دیدار و کۆبوونەوەی هەبوو
سەرۆک بارزانی لە بەغدا زیاتر لە 17 دیدار و کۆبوونەوەی هەبوو

K24 - هەولێر:

سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کرد و زیاتر لە 17 دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکوومی و باڵیۆزانی وڵاتان لە عێراق کرد، مەبەست لە سەردانەکەی بریتی بوو لە چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بە گشتی و، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی. هاوکات ڕایگەیاند، ئەگەر نیازی باش هەبن، چارەکردنی هیچ کێشەیەک زەحمەت نابێت. دووپاتیشی کردەوە، "بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوانمان".

ڕۆژی چوارشەممە (3ـی تەمموزی 2024) کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆ سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد تەمیم و فوئاد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی بوون بۆ بەغدا پێکهاتبوون لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق
سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆک بارزانی: گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد

سەرۆک بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی دەربڕی و ڕایگەیاند "ئامانج لە سەردانەکەی، بەهێزکردنی ئەو هەوڵانەیە کە پێشتر لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراون و بوونەتە هۆی کردنەوەی گرێکوێرەکان و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان".

سەرۆک بارزانی، سوپاسی و ستایشی هەردوو سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانی و هەموو ئەو بەرپرسە سیاسییانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا داوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە" و "تێڕوانینی هاوتا"ـیان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە و دووپاتیشی کردەوە، "بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریی".

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، "ئەگەر نیازی باش هەبن، چارەکردنی هیچ کێشەیەک زەحمەت نابێت. سوپاس بۆ خوا ئەم نیازانە هەن و برام، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەم نیازانە سەرکردایەتیی وڵات دەکات؛ بەو نیازانەی ئێمەی گەیاندووەتە ئەم بارودۆخە ئارامە. هیوادارین ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا بن".

سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق
سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی: سەرۆک بارزانی سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەرە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە پرۆسەی سیاسییدا

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا گوتی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی "گرنگە" و لەبارەی پرسە ناوخۆیی و هەرێمییەکان گفتوگۆمان کردووە.

سوودانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەمڕۆ شەرەفمەندبووم بەم سەردانەی برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، ئەم سەردانەی بۆ بەغدا گرنگە بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆکان، چونکە سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەرە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبووە لە پرۆسەی سیاسییدا".

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "گفتوگۆیەکی بنیادنەرانەمان لەسەر پرسە جیاوازە ناوخۆییەکان و دۆخە هەرێمییەکان کردووە، بەدڵنیاییەوە لە بارەی ناوخۆوە قۆناغێکی باشمان لە دروستکردنی متمانە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیوە، هەروا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا چەند پرسێکمان تێپەڕاندووە، ئێستاش بەرەو گەشەپێدانی زیاتر و داهاتووێکی گەشاوەتر هەنگاو دەنێین کە سوودی بۆ تەواوی هاووڵاتییانمان هەبێت لە بوژانەوە و گەشانەوەدا".

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سوودانی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سوودانی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كۆبووه‌وه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌ چاره‌كردنی ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه‌.

گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسە ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌ سه‌خته‌كان به‌ گشتی، بابه‌ته‌ ئابووری و سیاسییه‌كان، چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بوون.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی به‌غدای كرد و زنجیره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی سیاسی و ئیداری عێراق کرد.

سەرۆک بارزانی و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
سەرۆک بارزانی و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق

سەرۆک بارزانی لە بەغدا لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەوە

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ فایق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی كۆبووەوە‌.

لەدیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و دواپێشهاتە هەرێمایەتییەکان تاوتوێ کرا و جەخت چاره‌كردنی ته‌واوی كێشه‌ و گرفته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاسا کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ڕاگەیاند و بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: لەگەڵ سەرۆک بارزانی پشتیوانیمان بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دووپات کردەوە

ئەلینا رۆمانۆوسکی ، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە (ئێکس) پەیامێکی لەبارەی دیدارەکەی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە بەغدا بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، هەمیشە دڵخۆشم بە دیدارم لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ گفتوگۆکردن دەربارەی پەیوەندییە گرنگەکانمان.

ناوبراو دەڵێت: گفتوگۆمان کرد لەبارەی بارودۆخی هەرێمی و هاوبەشیی ئەمەریکی بەردەوام  لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاوکات پشتیوانییەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان لە 20ـی تشرینی دووەم.

سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی چین لە عێراق
سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی چین لە عێراق

سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی چین لە عێراق کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە تسوی وی، باڵیۆزی چین لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و سەرۆک بارزانی، هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە نیەتی چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەبیندرێت و بە دەرفەتێکی باشی لەقەڵەم دا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان.

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی چین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نیشان دا و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ چارەکرانی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند. هەروەها خۆشحاڵیی خۆشی بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان دەربڕی.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق

سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و سەرۆک بارزانی هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و بوونی نییەتی چارەکردنی کێشەکان بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ڕایگەیاند وڵاتەکەی حەز بە سەقامگیریی عێراق و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەکات.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیتچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژە بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لە ساڵانی ڕابردوو هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان شیکردەوە.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ ڕاگەیاند و ئەوەشی باس کرد کە بەریتانیا، لە هەموو دۆخێکدا بە بایەخەوە سەیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بە تایبەت لەبارەی بابەتە ئابوورییەکان و هەڕەشەی تیرۆر و دیاردەی کۆچ.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق

سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریک دوریل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە کێشە و گرفتە سیاسیەکانی عێراق، هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق شیکردەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، بە بایەخەوە باسی سەردانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەغدا و پێشوازیشی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کرد و ڕایگەیاند وڵاتەکەی پشتیوانیی لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەکات.

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبووه‌وه‌

سەرۆک بارزانی، لە ماڵی سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووه‌وه‌ و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆك بوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون لە چارەكردنی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی به‌گوێره‌ی یاسا و ده‌ستووری عێراقی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی بەرانبەر پرسە جیاوازه‌كانی پەیوەست بە بەرژەوەندی عێراق و بەردەوامیدان به‌ هەوڵەکانی چارەکردنی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق و هاوکاریکردنی هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەکردنیان دووپات كرایه‌وه‌.

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق(بەوەکالەت)
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق(بەوەکالەت)

سەرۆک بارزانی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی کۆبووەوە

بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 4ی تەمموزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی و پێگەی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەبوو و هیوای خواست بوونی سەرۆک بارزانی یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی عێراق.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی "جەختی لە بوونی نیازپاکیی لایەنەکان کردە و بە پێویستی زانی کە دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد

پێنجشەممە، 4ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد کە پێکهاتبوون لە تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق؛ سوڵتان موبارەک ئەلکوبەیسی، باڵیۆزی قەتەر لە عێراق؛ ئەحمەد سەمیر حلمی، باڵیۆزی میسر لە عێراق؛ خالد ئەحمەد ئەلمەنسور، باڵیۆزی بەحرێن لە عێراق؛ شێخ مەحموود ئەلخروسی، باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە عێراق؛ زێد ئەبو حسان، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەردەن لە عێراق؛ سەعید ئەلقەحتانی، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سعودیە لە عێراق و محەمەد ساڵح ئەلتنیجی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە عێراق.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو و هێمای بەوەدا کە "کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتووەتە ئاراوە و دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو کەشە تازەیە بگەینە دەرئەنجامی باش بۆ چارەکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کۆسپ و تەنگژەکان کە ئەوە خۆی لە خۆیدا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەبێت".

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسڕا
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسڕا

سەرۆک بارزانی لەگەڵ پارێزگاری بەسرە کۆبووەوە

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەی نێوانیاندا بارودۆخی سیاسیی عێراق و بار و گوزەرانی پارێزگاکانی باشووری عێراق و هەروەها دەرئەنجامەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا تاوتوێ کرا.

هەر لەو دیدارەدا، جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە بواری پرۆژە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان کرایەوە.

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سووننەکان کۆبووەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سووننەکان کۆبووەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سووننەکان کۆبووەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییە سووننەکان لە ماڵی خەمیس خەنجەر لە شاری بەغدا کۆبووەوە.لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکردە و لایەنە سووننەکان پێزانینیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە سەردانێکی مێژوویی و گرنگ لەقەڵەمیان دا کە دەرئەنجام و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی بەجێ دەهێڵێت. هەروەها باسیشیان لە داخوازییەکان و گیروگرفتەکانی پێکهاتەی سووننە و کێشەی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا "لایەنە سیاسییە سووننەکان داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بگەنە چارەسەر بۆ کێشە و داخوازییەکانیان" و جەختیان لەوە کردەوە کە "بوونی سەرۆک بارزانی لە بەغدا پشت و پەنایە بۆ پێکهاتەی سووننە و پێکهاتەکانی تری عێراق و هێز دەداتە پڕۆسەی سیاسی".

سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حزبی تەقەدوم
سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حزبی تەقەدوم

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووەوە

لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا وێڕای باسکردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هاوکێشەکان، بابەتی دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەروەها جێبەجێکردن و پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت تاوتوێ کرا.

سەرۆک بارزانی و نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا
سەرۆک بارزانی و نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا کرد

لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە  نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا کرد. لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندیی دوولایەنە و پەیوەندی و دانانی میکانیزمی هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاڵوگۆڕ کرا.

بارودۆخی سیاسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و بابەتی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوون.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد

لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە  ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەکەدا دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسیی عێراق خرایە بەر باس و سەرۆک بارزانی هۆکار و ئامانجەکانی سەردانەکەی خۆی بۆ بەغدا خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا کە لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئارا کە دەکرێ زەمینەیەکی باش بێت بۆ چارەکردنی کێشەکان.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی ئەوەیە کە گیروگرفتە سیاسیەکانی عێراق بە دیالۆگ و لەیەکتێگەیشتن چارە بکرێت و هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێت.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئێران لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئێران لە عێراق

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق کرد

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆک بارزانی ئامانج و هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا خستەڕوو.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکات و پشتیوانیەتی. هیواشی خواست ئەنجامی ئەرێنی لەم سەردانە بکەوێتەوە و کار بەو ڕێککەوتنانە بکرێت کە لەنێوان لایەنە عێراقییەکاندا هەیە.

سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری عێراق
سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ کرد. لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئامادەی بوون، سەرۆککۆماری عێراق پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە گرنگ و کاریگەر وەسف کرد لە قووڵکردنەوەی دیالۆگێکی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و هیوای خواست دەرئەنجامەکانی ئەو سەردانە خزمەتی سەقامگیریی و بەرژەوەندیی عێراق بکات.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی گشتیی عێراق و دواپێشهاتەکان کرا و جەخت لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان و بەردەوامیی ئەو کەشە ئەرێنیەی کە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتۆتە کایەوە.

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی ڕۆڵیکی گەورەی لە لێکنزیکردنەوەی لایەنە عێراقییەکان هەبووە

سەرۆک بارزانی لە ئان و ساتی قەیرانە قووڵەکاندا، فریادڕەسی عێراق بووە، جگە لەوەی سووننە و شیعەکان هەمیشە لە کاتی گەیشتن بە بنبەست بۆ لای سەرۆک بارزانی دەگەڕێنەوە، ڕۆڵێکی گەورەتریشی لە داکوتینی ڕەگوڕیشەی پرەنسیپی پێکەوە ژیان هەبووە.

لە ماوەی ڕابردوودا لایەن سیاسییەکانی عێراق، بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی سەرۆک بارزانییان کردووە و بۆ چارەکردنی کێشەکانیان ڕاوێژیان پێ کردووە.