ماوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران جارێکی دیکە درێژکرایەوە

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دەستی پێکرد و تا ئێستە ماوەی دەنگدان دوو جار درێژ کراوەتەوە، دەنگدان تا کاتژمێر 10ـی شەو بەکاتی تاران بەردەوام دەبێت.

بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی ئێران، ماوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە سەرجەم بنکەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دوو کاتژمێری دیکە درێژ دەکرێتەوە و دەنگدان تا کاتژمێر 10ـی شەو بە کاتی تاران بەردەوام دەبێت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئێران دەنگدان لە هەشتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە بەرێوە دەچێت و وەزارەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە دەتوانێ ماوەی دەنگدان تا کاتژمێر 12ـی شەو درێژ بکاتەوە.

ڕۆژی هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، بنکەکانی دەنگدان لە ئێران دەرگاکانیان بەڕووی دەنگدەراندا کردەوە و گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران دەستی پێکرد، کە تیایدا مەسعود پزیشکیان چاکسازیخواز و سەعید جەلیلی بناژۆخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە بۆ ئەوەی جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچ کردووی ئێران بگرنەوە.