عەبدوڵڵا میهرەبان: بە ئەگەری زۆرەوە مەسعود پزیشکیان دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران

عەبدوڵڵا میهرەبان، شرۆڤەکاری سیاسی
عەبدوڵڵا میهرەبان، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بەڕێوەچوو، کە دوو جار ماوە دەنگدان درێژ کراوەتەوە. شڕۆڤەکارێکی سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات، دەنگدان بە ڕێژەی 25% زیادی کردووە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەسعود پزیشکیان دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران.

عەبدوڵڵا میهرەبان، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: هەبژاردنەکان لە ئێران هەمیشە درێژ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێکی زیاتر لە خەڵک بەشدار بن، ئەگەری ئەوەی هەیە تا 12ـی شەویش بۆ جاری سێیەم ماوەی دەنگدان درێژ بکرێتەوە.

بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئەنجامی هەڵبژاردنی گەڕی یەکەم جێگەی سەرسوڕمان بوو کەس لەو بڕوایدا نەبووە کە مەسعود پزیشکان ئەو ڕێژە دەنگە زۆرە دەهێنێت، بەڵام بەپێی ئەو دۆخەی ئێستە و ئەوە شتانەی کە دەبیسترێت پزیشکیان ئەگەری دەرچوونی لە جەلیلی زیاترە.

ئاماژەی بەوە دا، دەنگدان بە ڕێژەی 25% زیادی کردووە، نزیکەی 25 ملیۆن کەس لەو گەڕە تا ئێستە دەنگیان داوە، لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو لە گەڕی یەکەم کۆی دەنگەکان نزیکەی 24 ملیۆن بوون، ئەگەر بۆ جارێ سێیەم دەنگدان درێژ بکرێتەوە لەو بڕوایەدام چەند ملیۆن دەنگی دیکە زیاد دەبێت.

عەبدوڵڵا میهرەبان، ڕایگەیاند، دانیشتووانی ئێران پێیان وایە ئەگەر پزیشکیان دەربچێت ئێران زیاتر بە ڕووی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا دەبێتەوە و، ناوبراو هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکاتەوە.

ڕۆژی هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، بنکەکانی دەنگدان لە ئێران دەرگاکانیان بەڕووی دەنگدەراندا کردەوە و گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران دەستی پێکرد، کە تیایدا مەسعود پزیشکیان چاکسازیخواز و سەعید جەلیلی بناژۆخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە بۆ ئەوەی جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچ کردووی ئێران بگرنەوە.

Fly Erbil Advertisment