سبەینێ یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی کۆچییە
.jpg)
شانشینی عەرەبستانی سعوودیە ڕایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە 7ی تەممووزی 2024، دەستپێکی ساڵی نوێی کۆچی 1446ـە.
فەرمانگەی بینینی مانگ، لە دادگەی باڵای سعوودیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە تەواوکەری کۆتا ڕۆژی زوو ئەلحیجەی و دوایین مانگی ساڵی 1445 ـە و سبەینێ یەکشەممەیە 7-7-2024 هاوکات دەبێت لەگەڵ یەکەم ڕۆژی مانگی موحەرەم و دەسپێکی ساڵی نوێی 1446ی کۆچی.
فەرمانگەکە ئاماژەی داوە، بەهۆی نەبینی مانگ، ئەمڕۆ شەممە بە تەواوکەری مانگی زولحیجە هەژمارکراوە و بەمەش ئەم مانگە دەبێتە 30 ڕۆژی تەواو.
لە شەریعەتی ئیسلامدا، کاتی مانگی ڕەمەزان و جەژنی قوربان و ساڵی نوێی کۆچی بە بینینی مانگەوە دیاری دەکرێن، هەر کاتێک لەدوای خۆر ئاوابوون مانگ بینرا، ئەوا بەگوێرە شەریعەت بڕیار لەسەر بۆنەکان دەدرێت.
هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، سبەینێ یەكشەممە، 7ی تەممووزی 2024، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی سەری ساڵی كۆچییەوە پشووی فەرمی دەبێت.