لە ڤێستیڤاڵی هونەری گەلان لە چیک تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر خەڵات کرا

تیپی نەتەوەیی هونەرە میللیەکانی هەولێر لەلایەن سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی ڤێستیڤاڵی چیک خەڵات کرا.
شەممە، 6ـی تەمموزی 2024، هیمداد لەشکری، بەڕێوەبەری کەلەپوور و تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تیپی نەتەوەیی هونەرە میللیەکانی هەولێر بە ئاڵای کوردستان و بە شەش تابلۆ لە هونەری گەلان لە چیک بەشدار بوو.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "لە ڤێستیڤاڵی هونەری گەلان 80 ووڵات بەشدار بوون، ئێمە وەکو تیپی هونەری میللی لە هەموو شارەکانی ئەم وڵاتە، بە چەند تابلۆیەک بەشدار بووین و زیاتر لە هەموو گرووپەکان تابلۆشمان هەبوو، تابلۆکانیش بریتیبوون لە: "درونە، لۆرکێ، بیری، کوێستان، نەورۆز، دهۆل و زورنا"، زیاتر لە سێ هەزار کەس لەوێ ئامادە بوون، جگە لەناو هۆڵ لە دەرەوەی هۆڵی کراوەش خەڵکانیکی زۆر ئامادە بوون.
هیمداد لەشکری دەشڵێت: "لە ڕۆژی دووەمی ڤێستیڤاڵەکەدا لە لایەن سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی ڤێستڤاڵ پیشوازیمان لێ کرا و چەند دیاریەکمان ئاڵو گۆڕ کرد، لە کۆتایی ڤێستیڤاڵەکەش وەکو سەرۆکی تیپەکە لەلایەن سەرۆکی ڤێستیڤاڵ خەڵات کرام".
لەسەر داوای کونسوڵی چیک، تیپی هونەری میللی هەولێر بەمەبەستی ڤێستیڤاڵی هونەری گەلان بانگهێشتی ئەو وڵاتە کران، کە لە 23ـی حوزەیران تاکو 2ـی تەمووزی 2024، بە بەشداری زیاتر لە 80 وڵات.