ئه‌ردۆغان: پوتین و سوودانی نێوه‌ندگیری دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كه‌ن

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا چاوەڕێی هەڵویستی سووریایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی بەشار ئەسەد دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی ئەنقەرە بکات و بەشێوەیەکی فەرمیی قۆناغی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان دەست پێ بکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری  تورکیا دوای بەشداریکردنی لە یاریی نێوان هەڵبژاردەی تورکیا و هۆڵەندا، لە گەڕانەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و گوتی:"دەمانەوێت پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا وەک پێشتر بکەینەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕێی هەنگاوی بەشار ئەسەدین."

سەرۆککۆماری  تورکیا، ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە سێ ملیۆن خەڵکی سووری وەک پەنابەر لە تورکیا دەژین، هەروەها ئێستا گەیشتووینە ئەوەی ئەگەر بەشار ئەسەد هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بگرێتەبەر، بەهەمان شێوە وەڵامی دەدەینەوە.

ناوبراو گوتی: لەگەڵ سووریا دوژمن نین، رۆژانێک کۆبوونەوەی خێزانییان لەگەڵ بەشار ئەسەد هەبووە، هەروەها بانگهێشتنامە ئاراستەی بەشار ئەسەد دەکەین، لەگەڵ ئەم بانگهێشتنامەیە، دەمانەوێت پەیوەندییەکان وەک پێشووتری لێبکەنەوە.

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بانگهێشتنامەکە هەڵوێستی ئەرێنییان هەیە.

چەندین جارە ئەردۆغان باس لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات، بەڵام گرێکوێرەکە بوونی سوپای تورکیایە لە سووریا، ئەسەد وەک پێشمەرج داوا دەکات سووریا بکشێتەوە، لە کاتێکدا تورکیا ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێ بوونی سه‌ربازه‌كانیان له‌ سووریا بۆ رێگریگرتنە لە دروستبوونی وڵاتێک لەسەر دەستی هەسەدە کە ئەو بە تیرۆریستان پێناسەی دەکات.