بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی فەرەنسا حزبە چەپەکان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە
K24 – هەولێر:
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی فەرەنسا ئاشکراکران و بەگوێرەی ئەنجامەکان، هاوپەیمانی چەپەکان زۆرترین کورسیی پەرلەمانی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە.
بەپێی ئەنجامەکان، هاوپەیمانیی چەپەکان 172 بۆ 215 کورسییان بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی ئیمانوێل ماکڕۆن 150 بۆ 180 کورسی و حزبی گردبوونەوەی نشتیمانیش 115 بۆ 155 کورسی بەدەستهێناوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە هەفتەی ڕابردوو، حزبی گردبوونەوەی نشتیمانی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەهۆی یەکگرتنی چەپ و میانڕەوەکان لە دژی ڕاستڕەوەکان، توانییان لە گەڕی دووەمدا شکستیان پێبهێنن.
لە لایەکی دیکەوە جان لوک میلانشۆن، سەرۆکی بەرەی نوێی گەل ڕایگەیاند، دەسەڵات و ئەرکی سەرۆککۆمارە حزبی بەرەی نوێی گەل بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فەرەنسا ڕاسپێرێت.
سەرۆکی بەرەی نوێی گەل، باسی لەوە کرد، لەم دەنگدانەدا زۆرینە بڕیارێکی جیاوازیان داوە بۆ وڵات، لەمەودوا هیچ فێڵ و ڕێکخستن و پیلانێک قبوڵکراو نییە.
جەختی لەوە کردەوە، شکستی سەرۆککۆمار و هاوپەیمانێتییەکەی بە ڕوونی پشتڕاست کرایەوە و دەبێت سەرۆککۆمار ئەم شکستە قەبووڵ بکات.
لای خۆیەوە جۆردن باردێلا، سەرۆکی پارتی نیشتمانی ڕاستڕەو، گوتی: لە هەموو کاتێک زیاتر، گردبوونەوەی نیشتیمانیی تاکە جێگرەوەیە"، هاوکات بەڵێنی دا حیزبەکەی بەرەو "هیچ چارەسەرێکی سیاسی تەسک" هەنگاو نەنێت. جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە خەڵکێک بکات کە هیوایان بۆ گەڕاوەتەوە."
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا دوای ئاشکرا بوونی ئەنجامە بەراییەکان، داوای "وریابوون" دەکات لە شیکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسا بۆ ئەوەی بزانێت کێ دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و دەڵێت: پارتی ناوەندیی هێشتا "زیندووە" دوای حەوت ساڵ لە دەسەڵاتدا.
کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاند، ماکرۆن چاوەڕێی "پێکهێنانی" ئەنجوومەنی نیشتمانی نوێ دەکات بۆ ئەوەی "بڕیاری پێویست بدات."