بارسێلۆنا پارەی پێویستی بۆ کڕینی نیکۆ ولیامز لەبەردەستە
دوای ئاستە بەرزەکەی نیکۆ ولیامز لە یۆرۆی 2024، یانەی بارسێلۆنا بە فەرمی بۆ گواستنەوەی نیکۆ ولیامز یاریزانی ئاتلێتیك بلباو هاتووەتە سەر هێڵ.
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا پێی وایە توانایان هەیە، ئەستێرە لاوەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مێرکاتۆی هاوینە بگوازنەوە یانەکەیان.
لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە دەڵێت: پارەی پێویستمان بۆ گواستنەوەی ولیامز لەبەردەستە و ئەو یاریزانەمان خۆشدەوێت، بەڵام لێبگەڕێن با ئەو کەسانەی بەرپرسن لە گواستنەوە و دەستبەرداری یاریزانان کاری خۆیان بکەن.
لاپۆرتا گوتوویەتی: دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا خەریکی گرێبەستەکانی یانەکەیە و لەبارەی نیکۆ گفتوگۆی لەگەڵ هانسی فلێك کردووە، هیوادارم هەواڵی باش ببیستین.
سەرۆکی بارسێلۆنا ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو پارەیەی لەبەردەستمانە بەشی ئەوە دەکات، کە گرێبەستێکی لەو شێوەیە یەکلایی بکەینەوە، ئەمەش بەرهەمی ئەو کارە چڕانەیە، کە لە چەند ساڵی رابردوو کردوومانە، ئابووری یانەکە بەرەو باشبوونەوە دەچێت و بەمزووانە هەواڵی خۆش دەبیستن.
نیکۆ ولیامز ساڵی 2021 سەرخراوە بۆ تیمی یەکەمی یانەی ئاتلێتیك بلباو و بە بڕی 1.5 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەکە کردووە، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 60 ملیۆن یۆرۆیە.