عەلی سەعید: لەماوەی شەش مانگدا عێراق یەک سەبەتەی خۆراکی پێشکەش بە ئاوارەکان کردووە

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکوومەتی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگدا تەنها یەکجار سەبەتەیەکی خۆراکیان پێشکەش بە ئاوارەکان کردووە.
دووشەممە 8ـی تەممووزی 2024، عەلی سەعید بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: دوو چەمک هەیە بۆ ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون، ئەوانیش ئاوارەکانی عێراقی کە بەهۆی بارودۆخی شەڕ و لێکەوتەکانی شەڕی داعش خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پەنابەرانیش ئەوانەن کە سنوورەکانیان بڕیوە و هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای دەکات، نزیکەی ملیۆن و 21 هەزار کەس وەک ئاوارە و پەنابەر تۆمار کراون، 743 هەزار ئاوارەی عێراقی نزیکەی 152 هەزاریان لە کەمپەکان، ئەوانی دیکەش لەنێو شارەکان دەژین.
عەلی سەعید گوتی، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا نووسراوێکی عێراقیان پێگەیشتووە کە 30ـی تەممووزی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ داخستنی کەمپەکان، دەڵێت، لەگەڵ کونسوڵخانەکان و ڕێکخراو و ئاژانسەکان گفتوگۆی ئەو باباتە کراوە، دوای بیست ڕۆژ لە بڕیاڕەکەی حکوومەتی فیدراڵ، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نارد و چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەری ئەو پرسە خستە ڕوو، چوار مانگ دوای دیراسەت کردنی پێشنیازەکان، حکوومەتی فیدراڵ بە فەرمی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی پرسی داخستنی کەمپەکانی کرد و داوای کرد، ئەو پرسە بەشێوەی یەکلایەنە یەکلایی نەکرێتەوە، بەڵکو پێویستە لێژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێت لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی، چونکە پرسەکە تەنها پەیوەست نیە بە حکوومەتی عێراقی.
دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیەی حکوومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دابینی کردووە کە چوار ملیۆن دینارە، بەشی ئاوەدانکردنەوەی ماڵ ڕووخاوەکان ناکات لەو ناوچانەی ژیانی تێدا نەماوە، ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکی شنگال جینۆسایدکراون و ماڵیان وێران کراوە، بەو بڕە پارەیە ناتوانن ژیان دروست بکەنەوە، ئاشکرای کرد، ماوەی ڕابردوو چەند ئاوارەیەک ناردراونەتەوە سەڵاحەدین، کەچی نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و دووبارە کەوتنەوە ژێر خیوەت.
بەرپرسی داتا و زانیاریی دەڵێت، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق یەکجار سەبەتەیەکی خۆراکی بۆ ئاوارەکان دابین کردووە، دەڵێت، 125 هەزار کەسی خەڵکی شنگال لە 15 کەمپی پارێزگای دهۆک دەژین ، حکوومەتی عێراقی و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەوەی پێویست بووە بیکەن، نەیانکردووە.
دووشەممە، 08-07-2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بووە لە 10 ساڵی ڕابردوودا، بەرامبەر ئاوەرە و پەنابەران بە زیادەوە، بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ کردووە؛ سەرەڕای گرفتە دارایی، ئابووریی و ئەمنییەکان.
بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد، بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان، بێ ڕاوێژ بووە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و خودی ئاوارەکان، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی ئاوارە و پەنابەرانی دانیشتووی کەمپەکان. گوتیشی، "ئەوەی لە هەمووی ناخۆشتر، بڕیارەکە بەبێ ڕەخساندنی زەمینەی گەڕانەوە، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئارامی و پاراستنی خەڵکەکە لە کاتی گەڕانەوەیان، دراوە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد باسی کرد، لەگەڵ گەڕانەوەی سەربەرزانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانە بۆ ناوچەکانیان، ئەمەشیان بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدەهێندرێت بە مەبەستی پێداچوونەوە بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی داخستنی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان. ڕوونیشی کردەوە، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە، دوای ئاراستەکردنی نووسراوەکە بۆ نووسینگەی سوودانی دەرکراوە.
ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی لیژنەکە لە زووترین کاتدا دەست بە کارەکانی بکات تاوەکوو باشترین چارەسەر بۆ پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانیان بدۆزرێتەوە.
هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سوورین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و و 652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کورستان هەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراو جۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لەسەدا 80ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 53 قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە. ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار و 410 قوتابییە.