سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ناتوانین جیاکاری بکەین هەموو کوردستان بە یەک چاو سەیر دەکەین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، جەختی لە بەردەوامی کارەکانی کابینەی نۆیەم کردەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هەموو هاووڵاتییان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیار و تێبینی هاووڵاتییانی ئامادەبووی دیدارەکە, جەختی کردەوە: "من دەمەوێت هەمووتان لێم ڕازی بن تاوەکوو خودا لێم ڕازی بێت". هەروەها گوتی: ئێمە ناتوانین جیاکاری بکەین و هەموو کوردستان بە یەک چاو سەیر دەکەین، من دان بە زۆنی زەرد و سەوزدا نانێم و هەمووی کوردستانە و موڵکی خەڵکی کوردستانە.

لەبارەی پرسی مووچە کە پرسیاری بەشێک لە ئامادەبووانی دیدارەکە بوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جارێکی دیکە ڕوونی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگاتە لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەکردنی بنەڕەتی ئەو پرسە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە كێشەی مووچە چاره‌ بكرێت هەرچەندە هەوڵ درا پرسی مووچە ببرێتە بەغدا و هەوڵ درا بەرژەوەندی حزبی بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا زاڵ بێت و ئەم دۆخە لەبەر بەرژەوەندی تەسكی حزبی و كەسی دروست كرا و بەداخەوە هەموو كێشەكان لە مووچەدا كۆ كراونەتەوە، بەڵام مووچە بەبێ كەرامەت و خاك هیچ بەهایەكی نییە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە هەوڵی ئەو کەسانەدا کە داوایان دەکرد هەموو شتێک بچێتەوە بەغدا و ڕایگەیاند: ئێستاش من هه‌ر داکۆکی لە مووچەی هاووڵاتییانی کوردستان دەکەم و لە پەیوەندی بەردەوامم بۆ چارەکردنی کێشەکان.

سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگه‌کان پرسیاری یەکێک لە ئامادەبووان بوو، لە وەڵامدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: هاووڵاتییان حاکمی سەرەکی و کۆتایی ئەم وڵاتەن، ئەگەر دەستوەردان لە دادگه‌کان دەبینن، یان هەر ستەم و هەڵەیەک دەبینن، دەبێت هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن، لە هەڵبژاردنیش دەتوانن ئەو لایەنە سزا بدەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگی سەربەخۆیی دادگه‌کان و سەروەریی یاسا کردەوە و ڕایگەیاند: پێویستە دەسەڵاتەکان سەربەخۆ بن و حکوومەت دەستوەردان لە سیستەمی دادوەری ناكات و ئەگەر دادگه‌کان سەربەخۆ نەبن گەورەترین کارەساتە.

گرنگیدان بە گوندەکان و ئاوەدانکردنەوەی بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی بوو، لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ستایشی ڕۆڵ و خەباتی گوندەکانی کرد و گوتی هەموو شۆڕشەکان قەرزاری گوندەکانن و ئەوەی ئێستاش هەیە بەرهەمی خەباتی ئەو گوندانەیە کە ئەگەر ئەوان نەبوونایە شۆڕشەکان سەرکەوتوو نەدەبوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا: لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو 4500 گوند وێران کران و ئەمەش وایکرد بەشێکی زۆر لە دانیشتووانەکەی ڕوو لە کۆمەڵگە و شارەکان بکەن، دوای ڕاپەڕینیش بەهۆی هەندێک کاری نەخوازراو، نەتواندرا هەموو گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، لە کابینەی نۆیەم بەهۆی گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و ژێرخانی ئاو، ئەمە بووەتە هاندانێک بۆ بووژانەوەی بەشێک لە گوندەکان.

خراپی ڕێگەوبانەکانی سنووری ناوچەکانی گەرمیان، ڕاپەڕین و هەڵەبجە بەشێک لە پرسیاری هاووڵاتییانی ئامادەبووی دیدارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو، لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە لە بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و پاشان وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، وایکرد داهات کەم بێت و نەتواندرێت هەموو پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا دەست بە بەشێک لە پرۆژەکان كراوه‌.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد: لە سنووری هەولێر و دهۆک بەشێک لە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران خۆیان بەرپرسیاریەتی دارایی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ڕێگەوبانەکانیان گرتە ئەستۆ و لەسەر ئەرکی حکوومەت نەبووە، داواشی لە وەبەرهێنەرانی سنووری پارێزگای سلێمانیش کرد بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ناوچەکە هەمان هەنگاو بگرنەبەر.

پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و خۆشەویستی سرووشتی جوانی کوردستان بەشێکی دیکە بوو لە گفتوگۆی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای لە هەمووان کرد ژینگەی کوردستان بپارێزن کە ماڵی گەورەی هەمووانە هەر وەکوو چۆن کەس ماڵە بچووکەکەی خۆی پیس ناکات. هەروەها ستایشی شاخەوانەکانی کرد، کە بۆ تەندروستی خۆیان و پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن.

گرنگیدان بە خێزان و گەنجان و پێکهێنانی خێزان بەشێکی دیکەی گرنگیپێدانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو لە دیدارەکەدا و ئاماژەی بەوە کرد: بنەماڵە و مامۆستا بەرپرسن لە پەروەردەکردنی گەنجان کە ژیانێکی ڕۆبۆتییان نەبێت و کاریگەری تەکنەلۆژیا نەبێتە هۆی ئەوەی دوور بکەونەوە لە کولتوور و نەریتی کوردەواری. هاوکات هانی خێزانەکانیشی دا کێشەی ماددی نەکەنە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی خێزان و هاوسەرگیری.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، بەشێک لە پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پرسەیە کە گەنجان نەک تەنیا لە حکوومەت، بەڵکوو لە کەرتی تایبەتیش بتوانن قەرزی درێژخایەن وەربگرن و بتوانن کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

لەبارەی پرسی تەواوکردنی خوێندن و چاوەڕوانی گەنجان بۆ دامەزراندن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: لە کەرتی گشتیدا ژمارەی ڕەخساندنی هەلی کار سنووردارە و تەنیا ژمارەیەک کارمەند بۆ حکوومەت پێویستە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕاییکردنی مامەڵە و پرۆژەکان، بۆیە پێویستە لە کەرتی تایبەت دەرفەتی کار دروست بکرێت بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن تێیدا کار بکەن یان ببنە خاوەنی کاری خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێخی ناکات لەوەی دەتوانێت بیکات بۆیان.

لەمیانی دیدارەکەدا کاتێک گەنجێک باسی گەڕانەوەی خۆی کرد دوای ئەوەی چەند جارێک هەوڵیدا بوو بۆ ئه‌ورووپا كۆچ بكات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی" خۆشحاڵم ئێسته‌ لێرەیت و داوای لێ کرد لە یەکێک کەناڵەکانەوە باسی ناخۆشییەکانی ئەو ڕێگەیە بکات و داوا لە گەنجان بکات ئەو ڕێگەیە نەگرنەبەر، هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ گەنجان دووپات کردەوە بۆ هەوڵدان و کارکردن لە وڵاتی خۆیان کە ژیانێکی سەربەرزتر دەژین لەوەی ڕوو لە وڵاتێکی بێگانە دەکەن.

لە وەڵامی پرسیاری کەسوکارێکی ئەنفالکراوانی گەرمیان لەبارەی گەڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەکە بۆ گەڕانەوەی ئەو ڕووفاتانە، بەڵام مەرجی بەغدا ئەوەیە کە دەبێت پشکنینی "دی ئێن ئەی" هەبێت دواتر ڕەزامەندی گەڕانەوەی دەدات. سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ئەم مه‌رجه‌ی به‌غدای بە دروستکردنی کۆسپ بۆ ئەو پرسە لێک دایەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: من مام و ئامۆزام ئەنفال کراوە، شەهید هەر شەهیدە بچمە سەر گۆڕی هەر ئەنفالێک وا دەزانم گۆڕی مام و ئامۆزامە و هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان شەهیدەکان.

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی بەشی دووەمی دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی، لێرە بخوێنەوە.