فڕۆکەیەکی بۆینگ لەکاتی هەڵفڕینیدا یەکێک لەتایەکانی لێ دەبێتەوە

ڕۆژی دووشەممە، 8-7-2024 فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ لە کاتی هەڵفڕینیدا لە فڕۆکەخانەی لۆس ئەنجلۆس، تایەیەکی لێ بووەوە، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو کێشە تەکنیکیانەی کە ماوەیەکە ڕووبەڕووی فڕۆکەکانی بۆینگ بووەتەوە.

هێڵی ئاسمانی ئەمەریکی، یونایتد ئێرلاینز، کە کار بە فڕۆکەکە دەکات، ڕووداوەکەی سەلماندووە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "تایەی فڕۆکەکە لە لۆس ئەنجلۆس دۆزرایەوە، ئێمەش لێکۆڵینەوە لە هۆی ئەو ڕووداوە دەکەین".

فڕۆکەکە،جۆری بۆینگ 757-200 بووە، بەرەو شاری دێنڤەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ دەڕۆیشت و 174 سەرنشین و تیمێکی حەوت کەسی تێدا بووە، سەرەڕای لێبوونەوەی تایەکە، فڕۆکەکە توانی بە سەلامەتی بنیشێتەوە. بەڵام 25 خولەک لەکاتی خۆی دواکەوت.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، گوتەبێژی کۆمپانیای بۆینگ ڕایگەیاندووە، هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلاینز لە ساڵی 1994 واتە 30 ساڵ لەمەوبەر ئەم فڕۆکەیەی ڕادەست کراوە. کۆمپانیای بۆینگ لە ساڵی 2004ەوە بەرهەمهێنانی ئەم مۆدێلەی فڕۆکەیەی وەستاندووە.

ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ڕێکخستنی فڕۆکەوانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەو بارەوە دەست پێ بکات.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند مانگێکە کۆمپانیای بۆینگ ڕووبەڕووی زنجیرەیەک کێشەی بەرهەمهێنان و کوالیتی بووەتەوە، کە زیانی بە ناوبانگەکەی گەیاندووە.

هەروەها ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی لە ئەمەریکا ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار و 600 فڕۆکەی جۆری بۆینگ 737 پێویستیان بە پشکنین هەیە.

داواکارانی گشتیی ئەمەریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە کۆمپانیای بۆینگ ڕێککەوتنێکی پێشووی پێشێلکردووە کە پەیوەندی بە دوو ڕووداوەوە هەبووە، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە، تیایدا 346 کەس لە ئەسیوپیا و ئەندەنوسیا گیانیان سپارد.

هەر لە مانگی کانوونەی دووەمی ئەمساڵ ڕووداوێکی دیکە ڕوویدا، کاتێک فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737 ماکس 9، دەرگای فریاگوزاری لە ئاسماندا لێ بووەوە کەوتە خوارەوە و لەناو باخچەی ماڵێکدا دۆزرایەوە.