ئەنتۆنیۆ جۆتیرێس لە ریزبەندی یەكەمی ركابەرەكانی پۆستی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دایە

دە كەس ركابەری لەسەر پۆستی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن

 

بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسەكانی ھەواڵ، دوای سەركەوتنی لە سێیەم ھەڵبژاردنی نھێنی ناو ئەنجوومەنی ئاسایش. ئەنتۆنیۆ جۆتیرێس، سەرۆك وەزیرانی پێشووی پورتوگال، لە ریزبەندی یەكەمی ركابەرەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەمیداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دێت.

لە دووەم و سێیەم ھەڵبژاردنی نھێنی پۆستی ئەمینداری ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەدا، كە ھەر 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ دەدەن. جۆتیرێسی پورتوگالی، لە كۆی 15 دەنگ، 11 دەنگی بەدەست ھێنا، لەكاتێكدا لە یەكەم ھەڵبژاردنی نھێنیدا 12 دەنگی مسۆگەر كردبوو.

ھەریەك لە وەزیری دەرەوەی سلۆڤاكیا، بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ كە بولگارییە، وەزیری دەرەوەی پێشووی سربیا، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین، وەزیری دەرەوەی پێشووی مەكدۆنیا، سەرۆك وەزیرانی پێشووی نیوزلەندا، سەرۆكی پێشووی سلۆڤینیا، وەزیری دەروەی پێشووی مۆڵدۆڤا و بەرپرسی پێشووی كەشناسی لە نەتەوە یەكگرتووەكان كە كۆستەریكییە، لە رلابەرییەكەدا بەشدارن.

بەپێی زانیارییەكان و قسەی دیپلۆماتكاران، ئەنجوومەنی ئاسایش دواجار كاندیدەكەی پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات كە 193 ئەندامی ھەیە، بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا دەنگی لەسەر بدات. دواجاریش دەبێ ھەر پێنج ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش (ئەمریكا، رووسیا، بەریتانیا، چین و فەڕەنسا) رەزامەندی لەسەر كاندیدەكە بدەن، بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان وەربگرێت.