بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان: 474 قوتابی لە ناو چاکسازییەکاندا هەن

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە پێنج هەزار کەس هاتوونەتە ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئیحسان عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری شەش مانگی چاکسازییەکانی بڵاوکردەوە و گوتی: کۆی ئاماری سزادراوان لە هەموو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024، بەهەموو ماددەکانەوە، 5466 کەسن.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی بەندکراوانی بۆ ناوچاکسازییەکان 4311 کەس بووە، کۆی ئەوانەی ئازاد کراون 3934 کەس بووە، سەبارەت بە خوێندنی سزادراوان لە ناو چاکسازییەکان، گوتی: بۆ ئەمساڵ بۆ هەموو قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی و پەیمانگە و زانکۆکان، 474 قوتابیمان هەبوو. 

ڕاشیگەیاند، لەناو چاکسازییەکاندا بنکەی تەندروستیمان هەیە، کە ڕۆژانە خزمەتگوزاری پێشکەش بە سزادراوان دەکرێت، لەو ماوەیەدا 31424 جار سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان کردووە، هەروەها 34966 جار سەردانی کتێبخانەیان کردووە.

ئیحسان عەبدوڵڕەحمان، جەختیشی کردەوە، کارکردنی سزادراوان کە یەکێکە لە پایەکانی ناو چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان؛ لەو بارەوە ڕێنماییمان دەرکردووە، 533 سزادراو کاریان کردووە، بەم شێوەیە :لەهەولێر 68 سزادراو کاریان کردووە، ئەویش بریتی بووە لە 'دوورمان، ئوتوکردن، جل شوشتن، میوزیک، کاری ئاسنگەری و خولی زمانی ئینگلیزی و باخەوانی فرۆشگا و کتێبخانە، چێشتخانە و  نانەواخانە و پاککەرەوە'.

لەناو چاکسازیی گەورانی سلێمانی 220 سزادراو بۆ ئەو شەش مانگە کاریان کردووە، هەروەها لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی هەولێر 45 کەس کاریان کردووە، کە 18 کەسیان نەوجەوانن 27 ئافرەتن. لە چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانیش 18 کەس کاریان کردووە کە پێنجیان نەوجەوانن 13یان ئافرەتن.

لەبارەی مۆڵەتی سزاردراوان گوتی: مۆڵەتی سزادراوان لە هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نییە بەتایبەت عێراق، بەڵام ئێمە 223 کەسمان لەوماوەی ئەو شەش مانگەدا مۆڵەت داوە چوونەتە ماڵەوە، کە لە چاکسازیی گەورانی هەولێر 75 کەس بووە، لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی 81 کەس و لە چاکسازیی گەورانی دهۆکیش 66 کەس بووە و لە ئافرەتان و منداڵانی هەولێر یەک کەس مۆڵەت دراوە.

بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماەژی بەوەش دا، "خلوەی شەرعی" لەناو چاسازییەکان هەیە، واتە ژوانی هاوسەران، کە لە هەفتەی جارێکە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێرە، ئەمەش ڕێژەی جیابوونەوە لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە 100% ەوە کردووەتە 0%، واتە ئێستە هیچ ڕێژەیەکی جیابوونەوە لەناو چاکسازییەکان نییە، دەشڵێ: 2848 کەس ژوانی هاوسەرییان هەبووە.

Fly Erbil Advertisment