وەزیری پێشمەرگە: هەنگاوی جیددی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەنێین

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق هەیە و هەنگاوی جیددیش بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی دەنێن.

سێشەممە، 09-07-2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتەکە لە خولی هەشتی کۆلێژی ئەرکان لە چوارقوڕنە؛ ڕایگەیاند، دەرچوونی ئەو ئەفسەرانە گوڕێکی زیاتر دەداتە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی.

وەکو ئەوەی شۆڕش ئیسماعیل، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کرد، "لە قۆناغی ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە لەوپەڕی هەنگاوی جیددیدایە بۆ پرۆسەی چاکسازی، ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان".

لەبارەی هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شۆڕش ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە، "وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دروستی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق هەیە".

 وەزیری پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە، ساڵانە دەیان ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپەیمانانی هەرێمی کوردستان، دەنێرنە دەرەوە بۆ بەشداریی لە خولە سەربازییەکان. لەناوخۆشدا ئەفسەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریی خولەکانی کۆلێژی ئەرکانی بەغدا و کۆلێژە سەربازییەکانی دیکە دەکەن.

 

Fly Erbil Advertisment