سەلیم جبووری بۆ كوردستان24: لەگەڵ ھەرێمی كوردستان رێككەوتنمان ھەیە لەسەر مووسڵ
K24 - بەغدا
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەلیم جبووری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند: "ئێمە رێککەوتنێکی بنچینەییمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ بەشداریپێکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و دواتریش بەڕێوەبردنی ئەو شارە".
جبووری بە كوردستان24 گوت: "هاتنی ئەم شاندە باڵایەی هەرێم بەرز دەنرخێنین، باسمان لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و لایەنی ئەمنی و تەنانەت باسمان لە دوای ئازادکردنەوەش کرد، ئێمە رێکەوتنێکی بنچینەییمان هەیە بۆ بەشداری پێکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لە کۆنتڕۆڵکردنەوە و دواتریش بەڕێوەبردنی مووسڵ".
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "باسمان لە هەماهەنگی نێوانمان لە چوارچێوەی حکوومەت و پەرلەمانیش کرد و هەندێک پڕۆژە یاسا هەیە پێویستی بە لێکتێگەیشتنی هەردوولا هەیە، هەروەها تێپەڕاندنی هەموو ئەو کێشەو گیروگرفتانەی دێنە سەر ڕێی بەرژەوەندی گشتی".