وەزارەتی کارەبا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە ڕوونکردنەوە دەدات

لۆگۆی وەزارەتی کارەبا
لۆگۆی وەزارەتی کارەبا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، "وەزیری کارەبا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیەی بووەتە هۆی خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكەمان".

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارتەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، "وەزیری كارەبا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەكردنی خێرای ئەو كێشەیەی بووەتە هۆی خەرجنەكردنی مووچەی وەزارەتەكەمان".

وەزارەتی کارەبا فەرمانبەرانی ئاگادار دەكاتەوە، کە وەزارەتەکە بە نووسراوی فەرمی ئەو تێبینییانەی لە ڕاپۆرتی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدراڵی و هەرێمدا هاتبوو، چارەكردووە و لەم پێناوەشدا خەرجیی مووچە و تەواوی شایستە داراییەكانی پۆلیسی كارەبای هەرێم لەسەر میلاكی وەزارەتی کارەباوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ گواستراوەتەوە.

سێشەممە (9ـی تەمموزی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 10ـی تەمموز، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. دابەشکردنی مووچەکە بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی دێت.

وەزارەتی دارایی ڕوونیکردەوە، وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمان لە خشتەکەدا نییە، لەبەرئەوەی تەمویلەکەیان لەبەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵن بۆ چارەکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە.