بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، رێوڕەسمێکی تایبەت بە پەناخوازانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 2:00، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سوورین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و  652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کورستان هەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراو جۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لەسەدا 80ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.

لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 53 قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە. ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار و 410 قوتابییە.

Fly Erbil Advertisment