چه‌ندان گه‌نده‌ڵی له دۆسیه‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران له عێراق ئاشكرا ده‌كرێت

په‌رله‌مانتارێكی عێراق چه‌ندان گه‌نده‌ڵی له دۆسیه‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران ئاشكرا ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك فێڵی گه‌وره كراون و گه‌نم هه‌بووه دوو جار به حكوومه‌تی عێراق فرۆشراوه‌ته‌وه.
ئه‌میر مه‌عمووری، په‌رله‌مانتاری عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، چه‌ندان گه‌نده‌ڵیی گه‌وره له دۆسیه‌ی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران كراوه، به شێوه‌یه‌ك گه‌نم هه‌بووه دوو جار به حكوومه‌تی عێراق فرۆشراوه‌ته‌وه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، گه‌نده‌ڵیی گه‌وره له پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیاراندا له ته‌واوی پارێزگاكانی عێراقدا به شێوه‌یه‌ك دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له دۆسیه‌كان، ده‌ركه‌وتووه گه‌نم هه‌بووه هی ساڵانی ڕابردووه و پێشتر له جووتیاران وه‌رگیراوه و له به‌رانبه‌ردا حكوومه‌ت پاره‌ی به جووتیاران داوه، به‌ڵام ئه‌م ساڵ ئه‌و گه‌نمه جارێكی دیكه به حكوومه‌ت فرۆشراوه‌ته‌وه.
مه‌عمووری، ڕوونی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و گه‌نمانه‌ی به حكوومه‌ت فرۆشراونه‌ته‌وه، نرخه‌كه‌یان له سه‌رووی نرخی جیهانی بووه. تێبینی ئه‌وه‌یشی كردووه، دوای پشكنین بۆیان ده‌ركه‌وتووه ڕێژه‌ی پاكیی ئه‌و گه‌نمانه 95%ـی كه‌متر بووه، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی شێی گه‌نمه‌كان 6% كه‌متر بووه، ئه‌مه‌یش مانای وایه ئه‌م گه‌نمه به‌رهه‌می ساڵانی پێشووه نه‌ك هی ئه‌م ساڵ و له كۆگه‌كانی حكوومه‌ت ده‌رهێنراون و بۆ كۆگه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌ت واته له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه گوازراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانیان پێ بكرێت.
ناوبراو گوتووشیه‌تی، له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا "گه‌نمی سوور"ـیان بینیوه، كه بۆ چاندن ژه‌هراوی كراون و له‌گه‌ڵ بڕێکی دیکەی گەنمی پاك وەرگیرابوو، ئه‌مه‌یش واته، ئه‌و گه‌نمه سووركراوه پێشتر حكوومه‌ت به جووتیارانی داوه و دواتر جارێكی دیكه بۆ كۆگه‌كانی حكوومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له به‌رانبه‌ردا پاره‌یه‌كی زۆر ده‌ستاوده‌ستی پێ كراوه.