شاخەوانان و ژینگەپارێزان کوێستانەکانی ورمێ لە خۆڵ و خاشاک پاک دەکەنەوە

هەڵمەتی پاک کردنەوەی سروشتی کوێستانەکانی ورمێ
هەڵمەتی پاک کردنەوەی سروشتی کوێستانەکانی ورمێ

بە بەشداریی زیاتر لە 100 ژینگەپارێز و شاخەوانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتێکی خاوێن کردنەوەی سێ شوێنی گەشتیاریی لە کوێستانەکانی داڵانپەڕ و بۆزی سینای پارێزگای ورمێ بەڕێوە چوو.

ژینگە پارێزان لە شنۆ، پیرانشار و ورمێوە لە شارۆچکەی دزەی مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێ بەهۆی سەختی ڕێگەی شوێنە گەشتیارییەکان بە 40 ئوتۆمبێلی ئافرۆد بەرە و کوێستانەکانی داڵانپەڕ و بۆزی سینای پارێزگای ورمێ چوون.

لە هەڵمەتەکەدا، سەدان کیلۆ زبڵ و خاشاکی پاشماوەی گەشتیاران کۆ کرایەوە و بە مەبەستی لەناوبردنیان بۆ دامێنی کوێستانەکان گوازرایەوە.

هەڵمەتی ژینگەپارێزان بۆ خاوێن کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای ورمێ - ڕۆژهەڵاتی کوردستان
هەڵمەتی ژینگەپارێزان بۆ خاوێن کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای ورمێ - ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکێک لە ژینگە پارێزانی بەشداربووی هەڵمەتەکە دەڵێت "هاووڵاتییان بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش بۆ ئەم سروشتە دێن بەڵام بە داخەوە هیچ ڕەچاوی پاک و خاوێن ڕاگرتنی سروشت و سیمای شوێنە گەشتیارییەکان ناکەن، ئێستا 100 خۆبەش کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەریاچەیە و دەوروبەری لە پیسی و پاشماوەکان پاک بکەینەوە، بەڵام هێندە زۆر و بەربڵاوە پاک کردنەوەی تەواویی شوێنەکە هەروا ئاسان نییە".

لەم هەڵمەتەدا جیا لە گەڕا مامەشێخ، کوێستانی مێرگەفاڵ و دەریاچەی بنچۆڵ لە چیای بۆزی سینا بە تەواوی خاوێن کرانەوە.

ئەم شوێنانە پێشتر لە بواری خاوێنی و ژینگەپارێزییەوە شوێنێکی نموونەیی بوون، بەڵام ئەم ساڵ کە شەپۆلێکی گەرما سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە، لە مانگێک لەمەوبەرەوە خەڵکێکی زۆر بەردەوام ڕوو لەم کوێستانە دەکەن و چەند ڕۆژ و شەو دەمێننەوە. لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو کەسانەش ناتوانن بە ئوتۆمبێلی خۆیان بگەنە شوێنەکە، لە کاتی گەڕانەوەدا زبڵ و خاشاکەکانیان لەوێ بەجێ دێڵن.

ژینگەپارێزێکی دیکە دەڵێت "ژمارەیەک شاخەوان هاتوون و هاوکاریی و کارێکی جوانی خۆبەخشیان کرد، دوای کۆکردنەوە و گواستنەوە پیسی و پاشماوەکان لە سەیرانگەی دالانپەڕ، بۆ درێژەدان بە هەڵمەتە ژینگەپارێزییەکە لە مێرگەفاڵ و چەند شوێنێکی دەوروبەری دەست بەکار بووین، هەرچەندە ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشوو پاشماوەکان کەمترن، بەڵام سروشتەکە هەر پێویستی بە پاک کردنەوە بوو".

لەم هەڵمەتە ژینگەپاریزییەدا کە بە بەشداریی گرووپەکانی شاخەوانیی بۆزی سینای ورمێ، کێلەشینی شنۆ، هەڵگوردی پیرانشار و گرووپی ژینگەپارێزیی پیرانشار بەڕێوە چوو، ئافرەتانیش ڕۆڵێکی کارا و چالاکیان گێڕا و هاوشانی پیاوان لە خاوێن کردنەوەی شوێنەکاند بەشدار بوون.

خانمە چالاکوانێکی بەشداربووی هەڵمەتەکەش پەیامێک ئاراستەی هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات و دەڵێت " دەبێت ژینگە بە ماڵەکانی خۆمان بزانین، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ سروشت و دیمەنێکی پیسکراو ڕووبەڕوو بووینەتەوە، بۆیە داوا دەکەم هەر کەسێک بۆ خۆشی و گەشت و سەیران ڕوو لە هەر شوێنێک دەکات و پشوو وەردەگرێت، تکایە با لە دوایی خۆی پیسی و پاشماوەکان بەجێ نەهێڵێت و شوێنی پشوودانەکەی پاک بکاتەوە. "

دەریاچەی بنچۆڵ لە چیای بۆزی سینا - کوێستانەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەو شوێنە گەشتیارییانەی هەڵمەتەکەیان لێ بەڕێوەچوو دەکەونە نزیک سێگۆشەی سنووریی باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە چلەی هاوینیشدا بەفریان لێ ناتوێتەوە. ئەمەش وای کردووە کەشێکی فێکی هەبێت و گەشتیارێکی زۆر بۆ کات بەسەربردن ڕووی تێ بکەن، بەڵام بە مانەوەیان ڕەچاوی خاوێنی سروشتەکە ناکەن و زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە ژینگەکەدا بەجێ دێڵن.