خوێندنی باڵا: زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەڕەخسێنین

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، داشکانی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لەساڵانی ڕابردوو بە ڕێژەی 45% بووە و بۆ ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا، چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ قوتابیانی زانکۆکان دا.
عەباس ئەکرەم گوتیشی: لە گرنگترین بڕیارەکان ئەوە بوو زانکۆکان ڕاسپێردران، لە ئێستاوە ئامادەکاریی بۆ پێشوازیی کردن لەساڵی نوێی خوێندن 2024-2025، بکەن و هەروەها زۆرترین دەرفەتی خوێندن لە زانکۆ حکوومییەکان بۆ قوتابیانی دەرچووی 12ـی ئامادەیی بڕەخسێنن. تاوەکو لە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن.
گوتەبێژەکەی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش دا، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەڕەچاوکردنی بارو گوزەرانی هاووڵاتیان و قوتابیان، تاوەکو پرسی دارایی نەبێتە ڕێگر لەبەردەم هێنانەدی خەون و خولیای قوتابیان، بڕیار بدرێت بە داشکاندنەکانی کرێی خوێندن لە پارالێل و خوێندنی ئێواران بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام بێت.
عەباس دەشڵێ: لەو کابینەیەدا بۆ ساڵانی ڕابردووش داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی ئەو قوتابیانە هەبووە کە لەخوێندنی ئێواران یان پارالێل وەرگیراون. تاوەکو لایەنی دارایی نەبێتە ڕێگر بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەیان. هەر بۆیە ئەو داشکاندنە بۆ ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت.
ڕاشیگەیاند، لەڕابردوودا لە بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بڕە پارەیەک لە قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا وەردەگیرا، کاتێک لەبەشە ناوخۆیی دەمانەوە، بەڵام بڕیار درا هیچی تر ئەو بڕە پارەیە لە قوتابیانی ماستەرو دکتۆرا و دبلۆمی باڵا لە بەرامبەر مانەوەیان لە بەشە ناوخۆیی وەرنەگیرێت.
سەبارەت بەداشکاندنەکە باسی کرد و گوتی: داشکانی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لەساڵانی ڕابردوو بە ڕێژەی 45% بووە، هەروەها ساڵانە نزیکەی 70 ملیار لە کرێی خوێندن بۆ خانەوادەی قوتابیان دەگەڕێتەوە.