سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە ڕێکخستنەکانی پارتی کۆ بووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی تەمموزی 2024، لە شاری هەولێر سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ بەشێک لە ئاستە جیاجیاکانی ڕێکخستنی سنووری لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و سوپاسی خەبات و ماندووبوونی ئەندام و کادیرانی پارتی کرد، کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بە خۆڕاگریی خۆیان بوونەتە مایەی ئومێد بۆ گەلی کوردستان.

سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پارتی، ئەوەی دووپاتکردەوە کە پارتی بۆ زیندووهێشتنەوەی هیوا و بڕوابەخۆبوونی گەلی کوردستان دروست بووە و ئامرازە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و هەر کات پارتی بەهێز بووبێت کوردستانیش بەهێز بووە.

لەبەشێکی تری گوتەکانیدا،  سەرۆک بارزانی، ڕۆشنایی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی بۆ بەغدا و هۆکانی ئەو سەردانەی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

هەر لەو دیدارەدا، پەیوەست بە باری ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی پارتی، سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو.