حەسەن مەجید: پێداگرین لەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنێین
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای دەکات، پێداگر دەبن لەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک بە ڕەزامەندی تەواوی لایەن و پێکهاتەکان دابنێن، لەسەر پۆستەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەش لێکتێگەیشتن هەبێت.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: لە ماوەی 30 ڕۆژدا بەشێوەیەکی یاسایی، ڕێکەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دەکرێت، دەشڵێت: بە ڕەزامەندی هەموو لایەک، ڕێککەوتن بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت و کۆبوونەوەکان بۆ ئەوە دەستپێدەکات ، گوتیشی: هەوڵی ئەوە دەدەین پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنێین کە ببێتە مایەی ڕەزامەندی هەموو لایەک.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: پێویستە لە کەرووک هەموو پرسەکان بە لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بێت ، دەشڵێت: لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەبێت پارێزگار و دوو جێگر دیاری بکرێت لەگەڵ یەکلاکردنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتنە هۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو، ڕاکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد و گوتی: بەشداریی هەموو لایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک نەکراوە، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و سەقامگیری.
باسی لەوەش کرد، "ئێستە یەکەم کۆبوونەوە دەست پێ دەکات و هەوڵ دەدەین گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی چەند پرسێک بکەین، کەرکووک بۆ عێراق زۆر گرنگە، هەروەها خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە عێراقدا هەبووە".
ڕۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024 ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.