پەروین فاتیح: ئەمڕۆ شەرعیەتمان بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دا
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ ئەمڕۆ شەرعیەتیان داوە بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و کەس ناتوانێت هەڵیانوەشێنێتەوە.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: هەندێ کێشە هەبوون بەر لە دانیشتنەکە، بەڵام کێشەکان چارە کران و دەڵێت: ئەنجوومەنەکە بە دڵی هەموو کەرکووکییەکان دەبێت، گوتیشی: ئێمە شەرعیەتمان دا بەوەی کە ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کارایە، لە ڕووی یاساییەوە کەس ناتوانێت ئەو ئەنجوومەنە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: بۆ مانگێک کاتمان دیاریکردووە تاکوو ڕێککەوتن بکەین، بەڵام رەنگە بەر لەو وادەیە ڕێککەوتنەکان بکرێن.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتنە هۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو، ڕاکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد و گوتی: بەشداریی هەموو لایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک نەکراوە، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و سەقامگیری.
باسی لەوەش کرد، "ئێستە یەکەم کۆبوونەوە دەست پێ دەکات و هەوڵ دەدەین گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی چەند پرسێک بکەین، کەرکووک بۆ عێراق زۆر گرنگە، هەروەها خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە عێراقدا هەبووە".
ڕۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024 ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.