حەسەن مەجید: ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن، حکوومەت پارێزگارێک دادەنێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر لەماوەی 30 ڕۆژدا نەگەنە ڕێککەوتن، حکوومەتی عێراق کەسێک بە پارێزگار دەست نیشان دەکات کە بە دڵی کەرکووکییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانیش نابێت.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، حەسەن مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرنگیی یەکەم کۆبونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەوە بوو، دوای دوای حەوت مانگ لە هەڵبژاردن کۆبووەوە، دەڵێت: سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هاوکار بوون بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.
لەبارەی دەستنیشناکردنی کەسێک بۆ بوون بە پارێزگاری کەرکووکیش گوتی: بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێ پارێزگار بۆ کورد بێت، دەشڵێت: تا ئێستا لایەنە کوردییەکان کۆبوونەوەیان نەکردووە بۆ ئەوەی لەسەر کەسێک ڕێکبکەون، لەسەر کوردێک کە شارەزابێت و خزمەت بە شارەکە بکات بێ جیاوازی، هاوکات ڕەزامەندی هەموو نەتەوەکانی لەسەر بێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر لەو وادەیە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی پارێزگار و دوو جێگر و سەرۆکی ئەنجوومەن نەکرێت، بڕیارەکە دەکەوێتە دەست سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیاریکردنی کەسێک بە پارێزگاری کەرکووک، دەڵێت: لەو ماوەیە هەوڵێکی زۆر دەدرێت ڕێککەوتن بکرێت و پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە، ئەگەر یەکلایی نەبێتەوە، ڕەنگە حکوومەتی عێراق بڕیارێک بدات بە دڵی کەرکووکییەکان و لایەنەکانی کوردستانی و ئەوانی دیش نەبێت،دەشڵێت: ئەگەر نیەتێکی باشی لایەنەکان هەبێت، دەتوانرێت پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە، گوتی: پێویستە دیاریکردنی پارێزگار بەپێی ڕەزامەندی هەموو لایەک بێت.
حەسەن مەجید دووپاتی کردەوە کە پێداگرن لەسەر دروشمەکانی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لیستی پێکەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردن بووە، دەشڵێت: پابەندی بەڵینەکان دەبین.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتنە هۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو، ڕاکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد و گوتی: بەشداریی هەموو لایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک نەکراوە، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و سەقامگیری.
باسی لەوەش کرد، "ئێستە یەکەم کۆبوونەوە دەست پێ دەکات و هەوڵ دەدەین گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی چەند پرسێک بکەین، کەرکووک بۆ عێراق زۆر گرنگە، هەروەها خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە عێراقدا هەبووە".
ڕۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024 ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.