لووتکەی ناتۆ کۆتایی هات؛ جەخت لە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانییەکە کرایەوە

K24 – هەولێر:
37ـەمین لووتکەی ناتۆ کۆتایی هات، لە ڕاگەیندراوی کۆتایی لوتکەکە پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا دووپاتکرانەوە، هەروەها جەختکراوە لەوەی رێگەی ئۆکرانیا بۆ ئەندامبوون لەو هاوپەیمانییە گەڕانەوەی نییە، جگە لەوەش چین بە هاوکاریکردنی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا تۆمەتبارکرا.
37ـەمین لووتکەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە واشنتن کۆتایی هات و لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکەدا جارێکی دیکە جەختکرا لە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانییەکە، هاوپەیمانییەکە نیگەرانی خۆی لەبارەی پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیا دەربڕی و پەکینی بە هاوکاریکردنی مۆسکۆ لە جەنگی ئۆکرانیا تۆمەتبارکرد.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: ئۆکرانیا توانیویەتی ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا بکات و ناتۆ لە هەموو هەنگاوەکان لەگەڵ ئۆکرانیا دەبێت.
لەلایکەی دیکەوە ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گوتی:" داڕشتنەوەیەکی بەهێزمان هەیە لەوبارەیەی ڕێگەی ئۆکرانیا بۆ ئەندام لە ناتۆ گەڕانەوەی نییە. هەموو کارێک دەکەین تا مسۆگەری ئەوە بکەین ئۆکرانیا ببێت بە ئەندامی ناتۆ، دڵنیام ئەو کارە ئەنجام دەدەین. ئەگەر بمانەوێت پێویستە ئەو سنوورەی بۆمان دانراوە هەڵبگیرێت."
لین چیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەوی چین، نیگەرانی خۆی لەبارەی تۆمەتەکەی ناتۆ دەبڕی و ڕایگەیاند: ڕاگەیەندراوی کۆتایی ناتۆ پڕە لە هزری شەڕی سارد.
هەروەها دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملن گوتی: ناتۆ بە تەواوی لە جەنگی ئۆکرانیا تێوەگلاوە و هەر هەڕەشەیەکیش لەسەر ڕووسیا دروست بکات وەڵامی دەدرێتەوە.
بڕیارە لوتکەی داهاتووی ناتۆ لە شاری لاهای لە هۆڵەندا بەڕێوە بچێت.
لووتکەی ئەمجارەی ناتۆ لە 9ـی ئەم مانگە لە واشنتن بە بەشداریی سەرۆکی 32 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە و میوانداریی هەر یەک لە نیوزلەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی چالاکییەکانی دەست پێ کرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تەممووزی 2024 کۆتایی بە لووتکەکە هات.
ئەم لووتکەیەی ناتۆ دوای 10 ساڵ، دەبێتە دوایین لووتکە بە سەرۆکایەتیی یێنس ستۆڵتنبێرگ، وەک سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، چونکە بڕیارە لە تشرینی یەکەمی 2024، مارک ڕووتە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هۆڵەندا بە سکرتێری گشتیی نوێی هاوپەیمانی ناتۆ دەست بەکار دەبێت.
گرنگترین تەوەرەکانی لووتکەکەش، پرسی ئاشتەوایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی غەززە، بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا، لەگەڵ ڕووبەڕبوونەوەی هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بوون.