فوئاد حوسێن: پێویسته پرسی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له عێراق به خێرایی چاره بكرێت
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی دۆزینەوەی چارەیهکی خێرا و دادپەروەرانە بۆ پرسی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له عێراق ده‌كاته‌وه.
ڕۆژی هه‌ینی 12ـی ته‌ممووزی 2024، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ هەینی، له واشنتن له‌گه‌ڵ جۆن باس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کارگێڕی و سیاسی كۆ بووه‌ته‌وه و له به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و دادپەروەرانە بۆ پرسی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له عێراق كردووه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، به به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لە بوارە جیاجیاکان كراوه به‌تایبه‌تی بۆ فراوانکردنی هاوکاریی سیاسی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات.
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بووه به پرسی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له عێراق كه فوئاد حوسێن جەختی لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و دادپەروەرانە کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات و سەقامگیری دارایی لە ناوچەکەدا به‌هێز بكات.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 11ـی ته‌ممووزی 2024، فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وەزیری دەرەوەی عێراق له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "الحرة" كه به‌شێكی له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕی كوردستان24 به كوردی كراوه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له‌سه‌ر داوای ئه‌نتۆنیۆ بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له واشنتنه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له لووتكه‌ی ناتۆ بكات، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندان دیدار و كۆبوونهوهیشیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ.