ئەردۆغان: پێویستە ئەمەریکا و ئێران پاڵپشتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا بکەن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، داوا دەکەن لە سووریا ئاشتییەکی دادپەروەرانە بێتە ئاراوە و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا کار لەسەر دیدارەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەمەریکا، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دیدارەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا ڕایگەیاند، ئەرکی ڕێکخستنی دیدارەکەیان لەگەڵ بەشار ئەسەد بە هاکان فیدان و هاوتاکەی سپێردراوە هەردوولا نەخشەڕێگەی دیدارەکە ڕێکدەخەن.

ڕاشیگەیاند، ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە سووریا شتێکی مەحاڵ نییە و یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیی تورکیایە. هاوکات دەڵێت: تا ئێستە هەنگاوەکانیان لەگەڵ سووریا ئەنجامی ئەرێنی هەیە و هیوادارە هەنگاوی کردەیی بگرنەبەر.

سەرۆک کۆماری تورکیا گوتیشی: "پێویستە ئەمەریکا و ئێران پاڵپشتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا بکەن". جەختیشی لەوە کردەوە، لە سووریا داوای ئاشتی دەکەن و داوا دەکەن ئاشتیخوازان پاڵپشتی لەو پەیامەیان بکەن.

قسەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، لەگەڵ تەواوبوونی دانیشتنەکانی لووتکەی ناتۆ لە ئەمەریکا، لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتنامەیەکیان ئاراستەی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا کردووە.