ئێران؛ ئەمساڵ خۆڵبارین زۆر دەبێت

خۆڵبارین وەکوو دیاردەیەکی سروشتیی نوێ بووەتە قەیرانێکی گەورەی ژینگەیی و یەکێکە لە هۆکانی بەبیابانبوون و لەناوچوونی دارستانەکان و جۆرەکانی زیندەوەران و تێکچوونی تەندروستی و ئاسایشی مرۆڤ.

بەشێکی بەرچاوی سەرچاوەی خۆڵبارین لە ئێران وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژئاوای ئاسیایە و بەشێکیشی لە ناوخۆی وڵاتەکەدایە. حکوومەتی ئێران دەڵێت، "بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە".

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، نزیکەی 300 ملیۆن هێکتار زەویی سەرچاوەی هەستانی تۆز و خۆڵ لە دەوروبەری ئێران هەیە، کە بەهۆی ئاراستەی باوە بەشی زۆری ئەو تۆز و خۆڵە لە وڵاتانی تورکمانستان، ئۆزبەکستان، ئەفغانستان و پاکستان لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دەچێتە ناو ئێرانەوە.

هاوکات لە لای باشوور و باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای ئێرانەوە لە وڵاتانی عێراق، سووریا، سعوودیە و ئوردنەوە تۆز و خۆڵ دەچێتە ناو سنووری ئێرانەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئەو تۆز و خۆڵە، ناوچەیەکی نێوان سووریا و عێراقە و زۆرترین ڕێژەی تۆز و خۆڵ لەو ناوچەیەوە بەسەر ئێراندا دەبارێت.

لە عێراق چوار ناوەندی هەستانی تۆز و خۆڵ هەیە کە ڕووبەرەکەی 23.8 ملیۆن هێکتارە و لە ساڵدا 5.5 ملیۆن تۆن تۆز و خۆڵ لە عێراقەوە دەگاتە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای هەمەدان لە ڕۆژئاوای ئێران؛ لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەشەوە ئەو تۆز و خۆڵەی عێراق، پارێزگاکانی خووزستان، چوارمحاڵ و بەختیاری، کەهگلوویە و بویرئەحمەد و بووشەهر دەگرێتەوە، هەروەها لە باشوورەوە پارێزگاکانی فارس، کرمان و هۆرمزگان و لە باکووری ڕۆژئاواشەوە پارێزگاکانی ئەردەبێل، تەورێز، زەنجان، هەروەها ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە.

هاوکات، لە ناوخۆی ئێرانیشدا کۆمەڵێک ناوەندی هەستانی تۆز و خۆڵ هەیە کە ڕووبەرەکەی 34.6 ملیۆن هێکتارە و حکوومەتی ئێران دەڵێت پلانێکیان داناوە کە لە ماوەی 10 ساڵدا ئەو سەرچاوە ناوخۆییانەی تۆز و خۆڵ چارە بکەن.

هاوکات، ڕۆژئاوای ئاسیا، 270 ملیۆن هێکتار ناوەندی هەستانی تۆز و خۆڵی هەیە کە ساڵانە بە تێکڕا 146 ملیۆن تۆن تۆز و خۆڵ بە وڵاتانی ناوچەکەدا، لەوانە ئێران بڵاو دەبێتەوە.

ئێران پێی وایە ئەو دیاردەیە بە تەنیا یەک وڵات چارە ناکرێت، بۆیە لە مانگی تەمووزی 2023دا کۆنفرانسێکی بۆ وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوە برد و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵیشدا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێی ئەو دیاردە و دانانی ڕێکاری نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی لە تاران بەڕێوە بچێت.

Fly Erbil Advertisment