پارێزگاری هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار بەردی بناغەی ڕێگەی بنبێرزی دانا
پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی ڕێگەی بنبێرزی بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار دانا و دەشڵێت: بە فەرمانی سەرۆکوەزیران زیاتر دەستی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە درێژ بکرێت، کە لەڕابردوودا وەکو پێویست خزمەت نەکراون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کاتی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی گوندی بنبێرز، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ڕێنمایی و فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپات لەسەر ئەوە دەکاتەوە، زیاتر دەستی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە درێژ بکرێت و پرۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تێدا بکرێت کە لەڕابردوودا وەکو پێویست خزمەت نەکراون.
ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت خزمەتگوزارییەکان لە نێوان شار و دەرەوەی شار یەکسان بێت، هەروەها یەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش ڕێگەوبانە، کە لەدوای ئەوە خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەست پێ دەکەن، کە هەموو کۆڵانی گوندەکانی "گاینج، بنبێرز، شێخەشل و گردە چاڵ" قیرتاو دەکرێن، درێژیەکشی 10 کیلۆ مەترە و گوژمەکەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دینارە.
ئومێد خۆشناو، باسی لەوەش کرد، چەند پرۆژەیەکی دیکە بەتایبەتی لە بواری ئاو ئەنجام دەدرێن و بەشێکیان دەستییان پێ کردووە، بەشێکی دیکەش لە ئایندە دەست پێ دەکرێن.