فەلاح حەسەن: توانای گەنجەکان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی حکوومەت و میللەتی خۆمانی پێ بکەین
بەرپرسی فەرمانگە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زۆرینەی ئەوانەی لە ناو ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن گەنجن. هەروەها هەوڵ دەدەین توانا و وزەی گەنجەکان بخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی حکوومەت و میللەتی خۆمان بکەین.
فەلاح حەسەن، بەرپرسی فەرمانگە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی کوردستان24دا گوتی: زۆرینەی ئەوانەی لە ناو ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن گەنجن، هەروەها گەنج داینەمۆی پێشخستنی هەموو وڵاتێکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەڕێگەی ڕیکخراوەکانەوە هەوڵ دەدەین توانا و وزەی گەنجەکان بخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی حکوومەتی و میللەتی خۆمان بکەین، چونکە ئەگەر وڵاتمان لە توانای گەنجەکان پێشکەوت، ئەوە هەم حکوومەت و هەم وڵات پێشکەوتووە.
فەلاح حەسەن جەختیشی کردەوە، لەزۆرینەی وڵاتانی جیهان خەڵک بەو جۆرە ڕاهێنان و خولانە پێش دەکەوێت، بەتایبەتی گەنج، چونکە گەنج ئەگەر خول و ڕاهێنان نەکات، لەوانەیە ئەزموونی لەسەر ئەوکارە پەیدا نەکات کە لە داهاتوودا دەیەوێت کاری لەسەر بکات.
دەشڵێت: ئیمزاکردنی ئەو یاداشتی لێکگەیشتنە لەگەڵ قەتەر فاوندەیشن، دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی گەنجانی هەرێمی کوردستان خۆیان دروست بکەن و بتوانن ئامادەبن لەو کارانەی لە ئایندە دێتە بەردەمیان، جا ئەو کارە لە کەرتی حکوومی بێت یان کۆمپانیای خۆماڵی یان کەرتی تایبەتی بێت.
بەرپرسی فەرمانگە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، ڕێکخراوە بیانییەکان کە دێنە هەرێمی کوردستان دەستی کار بۆ گەنجانی کورد فەراهەم دەکەن، پێم وایە سوودێکی باشیان دەبێت.
شەممە، 13-07-2024، بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتیی لە هەرێمی کوردستان و قەتەر و بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24؛ ڕێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە "خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان" بەڕێوە دەچێت.
خولەکە، لەلایەن نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کراوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕاهێنان بە چوار هەزار و 200 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە کراوە. ئامانج لە خولەکە، پەروەردەکردنی گەنجان و بەهێزکردنی هەستە نەتەوایەتییەکەیانە.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان و "قەتەر فاوەندەیشن" بۆ پەرپێدان بە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان و چەندین پرۆژەی هاوبەشی دیکە ئیمزا دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بیرۆكەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بە مەبەستی نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی و ئەم خولە بەردەوامی دەبێت.