لەسەدا 52ـی ئەوانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە عێراق وەردەگرن منداڵن

بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی عێراق، نزیکەی نیوەی ئەوانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، منداڵن.

لە کاتی ئاهەنگی ڕۆژی منداڵی عێراقی، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن و 479 هەزار منداڵمان لە خۆگرتووە و مووچە وەردەگرن، کە ئەمەش گەورەترین ژمارەیە کە وەزارەت هەیەتی.

عێراق مووچەی چاودێریی بۆ منداڵانی خوار 18 ساڵ دەبڕێتەوە، کە لای خێزانەکان دەژین، مووچەکەش بە سەرۆک خێزانەکان دەدرێت، کە هەر خێزانێک تاوەکو سێ منداڵ دەتوانێت تۆمار بکات و مووچەیان بۆ وەرگرێت.

هەروەها کۆی گشتیی ئەو عێراقیانەی کە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، شەش ملیۆن و 700 هەزار کەسە، واتە نزیکەی 52%ـی ئەوانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن منداڵن.