کچە کەمانچەژەنێکی کورد لە ئیتاڵیا خەڵات دەکرێت

K24 -هەولێر:
دلڤین ئیبراهیم فليت، کچە کەمانچەژەنێکی کوردی نیشتەجێی ئەڵماتی کازاخسانە، لە دووەمین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی میوزیک بەناوی "Suond di Venezia" لە ڤێنیسیای ئیتاڵیا، بەشداری کردووە و پلەی دووەم و خەڵاتی گران پری پێشبڕکێکەی بەدەست هێناوە.
ئیبراهیم فلیت، لە بارەی فێستیڤاڵەکە و بەشداری کچەکەی لە پێشبڕکێکەدا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی 4 تا 11ـی تەمموز پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی میوزیک لە ڤێنیسیای ئیتاڵیا کە بە شوێنی سەرهەڵدانی کەمانچە ناودەبرێت و بەهێزترین فێرتۆسۆ لە جیهانەوە بەشداری تێدا دەکەن، بەڕێوەچوو.
ئیبراهیم گوتیشی: "لە پێشبڕکێکەدا ئەندامانی لێژنەی داوەری لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپا و ئاسیا و ئەمەریکا دەیان میوزیکژەن لە وڵاتی جیاجیاوە هاوشانی دلڤینی کچم بەشداریان کردبوو، بەڵام دلڤین بە ژەنینی کەمانچە، پلەی دووەمی پێشبڕکێکەی بەدەست هێنا و لە لایەن رێکخەرانی پێشبڕکێکە خەڵاتی گران پری لە ئامێری کەمانچە پێبەخشرا".ناوبراو ئاماژەی بەوە دا: ئەمە جێی سەربەرزییانە و دڵخۆشییەکی زۆری پێبەخشین
دلڤین ئیبراهیم لە 8-7-2010 لە خێزانێکی ڕۆشنبیری کوردی کازاخستان لەدایک بووە، تا ئێستە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵ و و پێشبڕکێی نێودەوڵەتیدا کردووە و خەڵاتی بەدەست هێناوە، لەوانە:
1-خەڵاتی یەکەمی هونەری دەنگی و ئامێر لە فێستیڤاڵی میوزیکی گەورە لە (2020) لە کازاخستان.
2-براوەی خەڵاتی گران پری پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی لە ئامێری کەمانچە.
3-نوێترین دەستکەوتیشی پلەی دووەم و خەڵاتی گران پری فێستیڤاڵی میوزیکی ڤێنیسیای ئیتاڵیا.