ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکوومییەکان بۆ دامەزراندن ڕەوانەی بەغدا دەکرێن

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – هەولێر:

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە مەبەستی داواکردنی تەرخانی دارایی بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لیستی ناوەکانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

دوای ئەوەی لە (23ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، هه‌وڵی جددی بۆ ته‌رخانكردنی دارایی بۆ هه‌موو سێ یه‌كه‌مه‌كانی دانه‌مه‌زراوی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی 12 هەزار و 286 دەرچووی سێ یەکەمەکانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەغدا بکرێت.

پێشتریش سەرۆکایەتى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوى ژمارە (1928) لە (2024/4/25) و وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە نووسراوی ژمارە (3047) لە (22/5/2024) داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی کردبوو بۆ ئامادەکردنی ناوی سەرجەم سێ یەکەمەکانی دانەمەزراو لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان.

نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی بە ژمارە (13001) لە (14/7/2024) کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کردووە، ناوی سێ یەکەمەکانی ساڵانی خوێندنی (2017-2018) تاوەکوو (2022-2023) لەخۆدەگرێت کە ژمارەیان 12 هەزار و 286 دەرچووە و داوای دابینکردنی پلەی وەزیفی و تەرخانی دارایی کردووە.

بەپێی ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ناوەکان دەنێرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە مەبەستی تەرخانکردنی دارایی بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی هەموو ئەو دەرچووانەی هەرێمی کوردستان.

نووسراوەکەی خوێندنی باڵا
نووسراوەکەی خوێندنی باڵا