دەزگای خێرخوازیی بارزانی خولێکی فێرکردنی زمانی کوردی لە عەفرین کردووەتەوە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی خولێکی فێرکردن و نووسینی زمانی کوردی بۆ هاووڵاتییانی عەفرین کردووەتەوە. مامۆستایانی خولەکە دەڵێن، ئامانجیانە نەهێڵن زمانی کوردی لەبیر هاووڵاتییانی کوردی شارەکە بچێتەوە و زمانەکە لەنێو کۆمەڵگەدا بەهێز بکەن.
لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی کەمبوونەوەی کارمەندی پەرەوەردەیی و مامۆستای زمانی کوردی، ناوەندی ڕۆشنبیری و گەشەپێدانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستی کردووە بە کردنەوەی ژمارەیەک خولی تایبەت بە نووسین و فێرکردنی زمانی کوردی بۆ هاووڵاتییانی کوردی شارەکە.
ناوەندەکە، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک مامۆستای فێری زمانی کوردی کرد، ئێستا هاووڵاتییانی عەفرین و دەوروبەری لەسەر ئاستی یەکەم و دووەم، فێری زمانی کوردی دەکات.
بە گوتەی مامۆستا و کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئامانج لە دەستپێشخەرییەکە، دابینکردنی پێدوایستیی قوتابخانەکان و فێرکردنی زمانی کوردییە بە خەڵکی ناوچەکە، بۆ ئەوەی زمانەکە لە بیریان نەچێتەوە.
شێرین حاجی عەبدو، مامۆستای زمانی كوردی و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خولەکە، ئەوەی خستە ڕوو، "ئێمە لەسەر دوو هێڵ کار دەکەین؛ هێڵی یەکەمیان فێرکردنی هەموو ئەوانەیە کە دەیانەوێت فێری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی ببن؛ هێڵی دووەمیش ئامادەکردنی مامۆستایانە و ماوەیەک پێش ئێستا 15 مامۆستامان ئامادە کرد".
لە لایەکی دیکەوە بەشداربووان خۆشحاڵیی خۆیان بە کردنەوەی خولەکە و فێربوونی زمانی کوردی دەردەبڕن و جەخت لەوە دەکەنەوە، زمانی دایک واتای هەبوونیان دەگەیەنێت، ئەگەر زمان نەبێت، ئەوانیش نابن.
ئەڤێستا مستەفا، بەشداربوویەکی خولەکەیە و دەڵێت، "زۆر دڵمان خۆشە کە ڕۆژانە خۆمان فێری زمانی کوردی دەکەین کە زمانی دایکە. هەرگیز بڕوامان نەدەکرد، ڕۆژێک دێت و ناوەندێک بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە شارەکەمان دەکرێتەوە؛ زمان واتای هەبوونمان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە خۆمان فێری بکەین".
لەوەتەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لقێکی خۆی لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە، دەزگاکە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتگوزارییەکان بە دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری بەردەوامە و هاوکاریی مرۆیی و ماددی گەیاندووەتە سەدان خێزان.