عیسا ئەلعەدای: پێویستە کۆدەنگی بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سووننە هەبێت

شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی ئاماژە بە سەرکەوتنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سووننی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، پێویست بە بڕیاری نێودەوڵەتی و پشتیوانی وڵاتانی زلهێز دەکات.
دووشەممە 15ـی تەممووزی 2024، عیسا ئەلعەدای شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لەبارەی دروستکردنی هەرێمێکی سووننە نشین بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمی فیدراڵی کارپێکراوە و لە وڵاتان کاری پێدەکرێت، هاوکات لە دەستووری عێراق ئاماژەی بۆ کراوە، هەندێک پێیان وایە، بوونی چەند هەرێمێک لە عێراق وڵاتەکە دابەش دەکات، بەڵام وا نییە، دەڵێت: بایدن پێشتر پشتگیریی لە بوونی سێ هەرێم کردووە لە عێراق، دەشڵێت: ئەزموونی هەرێمی کوردستانمان بینی کە زۆر سەرکەوتوو بوو لە خزمەتگوزاریی و ئەمنی، بینیمان کە خەڵکێکی زۆر لە عێراق ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەرێمی کوردستان بە لەخۆگرتنی ئەو ئاوارانە وێنەیەکی جوانی نیشانی هەموو دونیا دا.
دەڵێت: دروستکردنی هەرێم پێویستی بە کۆدەنگی لە عێراق هەیە دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، دەشڵێت: دروستکردنی هەرێم پێویستە بڕیاری نێودەوڵەتی لە پشتەوە بێت، گوتی: دروتکردنی هەرێمێکی سووننەنشین ئەو سازان و پستیوانییە نێودەوڵەتییەی نییە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، چەندین دوژمنی بۆ دروست کردووە، دەڵێت: بەچاوی ئیرەیی سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، چەندین لایەنی هەرێمی هەن دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لەبار ببەن لە کاتێکدا ئەو هەرێمە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی هەیە، دەشڵێت: ئەگەر دەستووری عێراق نەبووایە، چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەبووە شتێکی دیکە.
گوتی: باوەڕناکەم دروستکردنی هەرێمێکی سووننە نشین پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز و نێودەوڵەتی هەبێت، دەڵێت: پشتیوانیی نێودەوڵەتیی، نهێنی سەرکەوتن و شکستی هەر پرۆژەیەکە.