دیلان ڕەشاد: کار و پیشەی تەکسی ڕێک دەخەینەوە

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشکرای دەکات، مەبەست لە لێدانی لۆگۆ بە هەموو تەکسیەکانی کوردستان بۆ ئەوەیە پیشەکە ڕێک بخرێتەوە.
دووشەممە 15ـی تەممووزی 2024، دیلان ڕەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: رێکخستنەوەی پیشەی تەکسی لە ساڵی 2021 کاری بۆکرا و قۆناغەکانی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، گوتی: لە هەولێر کەمتر لە هەزار تەکسی ماوە لۆگۆی لێ نەدرابێت، هاوکات تەوای تەکسیەکان لە دهۆک لۆگۆیان لێدراوە، لە سلێمانیش نزیکەی 20 هەزار تەکسی لۆگۆی لێدراوە.
دیلان ڕەشاد دەڵێت: ئامانج لەو پرۆژەیە، ڕێکخستنەوەی پیشەی تەکسیە، ئاشکرای کرد کە، کارتی زانیاریی شوفێری تەکسیەکە، هەموو زانیارییەکی شوفێرەکەی تیادایە و لەلای دامەزراوەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن زانیارییەکان لە شارو شارۆچکەکان هەیە، دەڵێت: ئەو پرۆژەیە، هاوکاریی دامەزراوە ئەمنیەکانیشی پێدەکریت بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکان.
لەبارەی ئەو بڕە پارەی لە شوفێران وەردەگیرێت بەرامبەر لێدانی لۆگۆکە. دیلان ڕەشاد ڕایگەیاند: بڕە پارەیەکی ڕەمزی لە شوفێران وەردەگیرێت، ئەگەر لەزگەکە تێکیش بچێت، شوفێرەکە دەتوانێت لەزگەکە وەرگرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی تەکسیەکان بناسرێنەوە، تەکسیەکانی ناوشار و دەرەوەی شار لۆگۆ و ڕەنگەکانیان لەیەکتر جیاوازن، هەروەها تەکسی شار بۆ شاریش جیاوازن.
لەبارەی ئەوانەی مافی کارکردنیان هەیە وەکو شوفێری تەکسی، دیلان ڕەشاد گوتی: دەمانەوێت دەرفەتی زیاتر بەو خەڵکە بدەین کە فەرمانبەر میریی نییە کاری تەکسی بکات، ئەو فەرمانبەرەی مووچەی لە ملیۆنێک بەسەرەوە بێت بۆی نییە کاری تەکسی بکات، هاوکات لەڕووی تەندروستیەوە ئەگەر شوفێرەکە تەندروستی باش بێت دەتوانی کار بکات، بەپێچەوانەوە ناتوانێت کار بکات، هەروەها ئەوەی پێشینەی تاوانی هەبێت، ناتوانێت کاری تەکسی بکات.
دەڵێت: ئەگەر پێشووتر کۆمەڵێک کێشە لە کاری تەکسی ڕوویان دابێت، لەمەوادوا ئەو کێشانە کەم دەبنەوە، بەتایبەت لە پرسی بێزارکردنی ئافرەتان لەنێو هەندێ لە تەکسیەکان.
ئەو گوتەبێژە داوای لە هاووڵاتیان کرد کە، تەکسی لۆگۆ بەکاربێنن بۆ ئەوەی هەر کێشەیەکیان بۆ دروست بێت، بتوانن تەکسیەکە بدۆزنەوە، دەشڵێت:کۆدی تەکسیەکان لە دەرگا و ناو ئۆتۆمبێلەکە هەیە، هاووڵاتییان دەتوانن وێنەی ئەو تابلۆیە بگرن بۆ هەر کێشەیەک دەتوانن بە سانایی تەکسیەکە بدۆزنەوە.