لە عێراق وردەکاریی نوێ لەسەر دۆسییەی دزیی سەدە ئاشکرا دەکرێت

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەمەبەستی بەردەوامیی بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی دزیی سەدە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە گشتیی لە دامەزراوەکانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانی لە ڕۆڵ و ئەرکی دەستەی دەستپاکی دەکات. هاوکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق وردەکاری نوێ لەسەر دۆسیەی دزیی سەدە ئاشکرا دەکات و، ڕاشیدەگەیەنێت، دەبێت دەستەی دەستپاکی جیاواز لە قۆناغی ڕابردوو، لە داهاتوودا پیشەییانەتر کارەکانی بکات و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی گوشاری سیاسی.
بەم دواییانە، حکوومەتی عێراق لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی کە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵی ڕابردوو کەوتووەتەوە جوڵە ، سەرنجی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر دۆسیەی ناسراو بە دزیی سەدەیە، لەدوایین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ دەستەی دەستپاکی جەخت لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان و دەستگیرکردنی داواکراوانی دەکاتەوە.
لە ڕاگەیێندراوێکدا کە نووسینگەکەی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق وردەکاری نوێ لەسەر دۆسیەی دزیی سەدە ئاشکرا دەکات و ڕاشیدەگەیەنێت دەستەی دەستپاکی دامەزراوەیەکی گرنگە و پشتیوان و لە ڕۆڵ و ئەرکی دەستەکە دەکەن کە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، بەهۆی سروشت و قەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە لەژێر پەردەی فەرمیدا بە هاریکاریی فەرمانبەرانی حکوومەتی دزراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، دۆسییەکە خاڵێکی ڕەشە لەمێژووی دەوڵەتداریی عێراق.
هەروەها نیوەی ئەو پارەیە بەرێگەی قاچاخ بردراوەتە دەرەوەی عێراق، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گێڕانەوەی.
هەر لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆک و ئەندامانی دەستەکەی گوتووە: "دەبێت شێوەی کارکردنیان بە بەراورد بە قۆناغی ڕابردوو، لەداهاتوودا جیاواز و ڕوونتر بێت و پیشەییانەتر بەدواداچوون بۆ دۆسییەکانی گەندەڵی بکەن، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی دڵنیایی لە بۆچوونی گشتیدا، بەجۆرێک نابێت بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی بکەوێتە ژێر کاریگەری گوشاری سیاسی".
لە ڕابردوودا، حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاندبوو، هەر یەک لە عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی و ڕائید جووحی، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری و ئەحمەد نەجاتی، سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، موشریق عەباس، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیران و چەند کەسێکی دیکە داواکراون لەسەر دۆسیەی دزیی سەدە.
دووپاتیشی دەکاتەوە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی بەشێک لە داواکراوان لە تورکیا و ئوردن بگەڕێننەوە؛ یەکێک لە داواکراوەکانیش لە دوو مانگی داهاتوودا بڕیارە سعوودییە ڕادەستی عێراقی بکاتەوە.
حەنوون دەشڵێت: "ژمارەیەکی زۆر دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان، لەترسی ڕاکردنی داواکراوان نایانەوێت جارێ ناوونیشانی دۆسیەکان ئاشکرا بکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێسس، گەندەڵی لە دامودەزگاکانی عێراق بەربڵاوە و ئەو حاڵەتانەی کە ڕادەستی دادگەکان کراون ژمارەیان کەمە، تەنیا بەرپرسانی بچووک تۆمەتبار کراون.
دزیی سەدە پەیوەندی بە داهاتی باجەوە هەیە کە بریتییە لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لەنێوان مانگی سێپتێمبەری ساڵی 2021 بۆ مانگی ئابی 2022 کە بە 247 چەک لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە خەرج کراوە دواتر پارەکە بە نەختینە لە هەژماری ئەو کۆمپانیانە ڕاکێشراوەتەوە کە خاوەنەکانیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.