سەڵتەنەتی عومان.. لە ڕووداوێکی تەقەکردندا ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون

پۆلیسی عومان ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو لە نزیک مزگەوتێکی شاری مەسقەت تەقەکراوە و لە ئەنجامدا لانیکەم چوار کەس کوژران و کەسانی دیکەش بریندار بوونە.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "لە دەورووبەری مزگەوتێکی ناوچەی وادی ئەلکەبیر تەقە کراوە، لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان سپاردووە و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون".
دەزگاکانی ڕاگەیاندن چەند گرتە ڤیدیۆییەکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت خەڵک لەکاتی تەقەکەدا لە نزیک مزگەوتی ئیمام عەلی بڵاو دەبنەوە و دروشمی "یا حوسێن"یان دەگوتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە شاری مەسقەت دوای تەقەکردنەکە، هۆشداریی ئەمنیی بڵاوکردەوە و ئەمڕۆ سێشەممەش سەرجەم وادەکانی وەرگرتنی ڤیزای هەڵوەشاندەوە.
ئەو تەقەکردنە لە مەسقەت، بە ڕووداوێکی دەگمەن دادەنرێت، لە سەڵتەنەتی عومان، چونکە لە ململانێکانی ناوچەکەدا بە بێلایەنی ناوبانگی دەرکردووە.