بە بەشداریی شاندێکی حکوومەتی هەرێم؛ گفتوگۆکانی بە ئەندامبوونی عێراق لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی بەڕێوە دەچێت

گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی بە ئەندامبوونی عێراق لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، لە جنێف بە بەشداری شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت. ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، بە پەسەندبوونی ئەندامبوونەکە، سوودێکی زۆری ئابووریی بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگات.
لیژنەی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی ئەسیر داود، وەزیری بازرگانیی فیدراڵی و بە بەشداریی دوو نوێنەری هەرێمی کوردستان، ماوەی شەش ڕۆژە لە شاری جنێفی سویسران بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی بە مەبەستی تەواوکردنی گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامبوونی عێراق لە ڕێکخراوەکە.
فەتحی محەممەد عەبدوڵڵا، ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن لە لیژنەکەدا.
فەتحی محەممەد عەبدوڵڵا لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام بەشداری لەو گفتوگۆ و کۆبوونەوانە دەکەین کە لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکرێن بە مەبەستی ئەندامبوونی عێراق لە ڕێکخراوەکە".
بە گوتەی ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، بە ئەندامبوونی عێراق لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سوود بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، "چونکە ئەگەر ئەندامبوونەکە پەسەند بکرێت، کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و دەرفەتی کاری زیاتریش بۆ هاووڵاتییان دەرەخسێندرێت".
ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی جەخت لەوە دەکاتەوە، دوای ئەوەی عێراق دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان دەکات.
ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی گوتیشی، "دوای پەسەندکردنی بە ئەندامبوونی عێراق، هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و ژێرخانی ئابوورییەکەشی بەهێزتر دەبێت؛ هەروەها چەندین هەنگاو لەبواری وەبەرهێنان، پیشەسازی، ئابووری، تەندروستی، پەروەرردە و بوارەکانی دیکە دەچێتە پێشەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2004، حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی داوای ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی کرد؛ دوو گەڕی گفتوگۆکان لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوەکە و لیژنەی نیشتمانیی عێراق بەڕێوەچوون و ئێستا گەڕی سێیەم بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە.
فەتحی محەممەد عەبدوڵڵا ئەوەی خستە ڕوو، ڕۆژی پێنجشەممە، 18-07-2024، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ 164 وڵاتی ئەندام لە ڕێخکراوی بازرگانیی جیهانی دەکرێت؛ لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئەندامبوونی عێراق لە ڕێخکراوەکەدا یەکلایی دەکرێتەوە.
