ئاگر لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا کەوتەوە
بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان، ئاگر لە ناوچەیەکی بازرگانیی شۆرجەی بەغدا کەوتەوە، ڕووداوی ئاگرەکە تەنها زیانی ماڵی هەیە و زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، وەک زانراوە، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
سێشەممە 16ـی تەممووزی 2024، ئاگر لەناوچەیەکی بازرگانیی نزیک شۆرجەی بەغدا کەوتەوە و زیانی بە ناوچە بازرگانییەکە گەیاند.
عەبدولموتەلیب عەلەوی، پارێزگاری بەغدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند:ڕووداوی ئەو ئاگرە لە ناوچەیەکی بازرگانیی ڕوویداوە نزیک ناوچەی شۆرجەی ڕەسافە لەبەغدا ، ئەو ناوچەیە پرە لە کۆگای بازرگانیی، گوتی: کۆگاکان چەندین جۆر کاڵای تێدایە کە خێرا دەسووتێن، دەشڵێت: هۆکاری ڕووداوەکانی ئاگر پەیوەستە بە نەبوونی پابەندییەکان بە مەرجی سەلامەتی.
پارێزگاری بەغدا ڕایگەیاند: تیمەکانیان تێبینی دەدەن و ڕێنوێنی دەدەن بە ئەوانەی کۆگای بازرگانیان هەیە، بەڵام هەندێکیان پابەند نابن، زیان بەوانی دیکەش دەگەیەنن، هاوکات زیان بە ئابووری دەگەیەنن، دەشڵێت: ئەو جۆرە ڕووداوانە چەندین جار لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە دووبارە دەبنەوە، گوتی: توندترین ڕێکار بەرامبەر ئەوانە دەگرینە بەر کە پابەند نابن بە ڕێکارەکان و ڕێنماییەکان، دەڵێت: چاوپۆشی لە کەس ناکەین، ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و مەترسی نەماوە، زیانی ماڵی هەیە و هیچ زیانێکی گیانی نییە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداش بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد،بەرگریی شارستانیی توانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکات و دەڵێت: تەواوی تواناکانی خۆمان بەکارهێنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، ڕێکاری پێویستیش دەگرینە بەر بەرامبەر ئەوانەی کەمتەرخەم بوون.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هۆکاری ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، شۆرتی کارەبا بووە، بۆماوەی پێنج کاتژمێرە ئاگرەکە بەردەوامە و پەنجا تیم هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەو مانگەدا دووەم جارە ئاگر لەبازاڕی شۆرجەی بەغدا دەکەوێتەوە.