118 گوندی شارۆچکەی سیدەکان بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە چۆڵکراون
بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە، 118 گوندی شارۆچکەی سیدەکان چۆڵکراون، لەوناوچانەشی کە خەڵکی کشتوکاڵ و مەڕداری و هەنگەوانی تێدا دەکرد، ئێستا ناتوانن بیکەن و ناوچەکاین چۆڵکردووە.
شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا زیانی زۆری بە دانیشتووانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گەیاندووە، چونکە پەکەکە بنکە و بارەگای زۆری لە ناوچەکە داناوە، ئەمە پاساوی داوەتە تورکیا کە بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لە دەڤەری برادۆست بێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا، 118 گوندی شارۆچکەی سیدەکان، 65 گوندی شارۆچکەی مێرگەسۆر، 13 گوند لە سنووری شارۆچکەی چۆمان و چوار گوندی سنووری شارەدێی وەرتێی سەربە شارۆچکەی ڕەواندز چۆڵکراون کە کۆی گشتی 200 گوندە.
لە گوندەکانی بناری قەندیل ژیان ئاسایی نییە و هەر ساتێک کراوەیە بۆ دووبارە بوونەوەی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا.
لە سۆران لە ماڵی بریندارێکی نۆ ساڵ پێش ئێستای گوندی زارگەلین کە بەهۆیەوە حەوت هاووڵاتی شەهید بوون و پێنجیش برینداربوون.
ئیسماعیل عەبدوڵڵا بریندارێکی گوندی زارگەڵی بۆ کوردستان24 دەڵێت: ناوچەکە بەردەوام مەترسیی لەسەر هەیە، لەو ماوەیەدا لەشکرکێشی سووپای تورکیا و ڕووبەڕووبوونەوەکان لەناوچە سنووریەکان چڕتر بوونەتەوە، دەڵێت: هیوادارین گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت و عێراق لەسەر خاک و هاووڵاتییانی خۆی بێتە دەنگ و ئەو ناوچانە ئارام بکاتەوە.
لە دەڤەری برادۆست، شەوان بەهۆی ڕووبەڕووبووەنەوەکانی پەکەکە و تورکیا خەڵکی بێدارن و ناوچەکە نا ئارامە، ئاوارەیی و شەهید و بریندار بوون، ئاگر و سووتانی ڕەز و باغ، بەشی دانیشتووانی ناوچەکەیە، تورکیا و پەکەکە ناوچەکەیان کردووەتە مەیدانی جەنگ.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، لەماوەی کەمتر لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، 32 هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی ئەو ململانێیانەی تورکیا و پەکەکە، بەشێوەیەک نۆ هاووڵاتی شەهید بوون و ئەوانی دیکەش برینداربوون.
دەشڵێت: دانیشتووانی ناوچەکە جگەلە کشتوکاڵ، کاری مەڕداریشی تێدا دەکرێت لەگەڵ هەنگەوانی، دوای هاتنی تورکیا بۆ ناوچەکە لە ساڵی 2017، بەشێکی زۆری کوێستانەکانی دەڤەری سیدەکان کە خەڵکی بۆ کشتوکاڵ سوودیان لێ وەردەگرت، ئێستا بەهۆی ئەو شەڕەی نێوان پەکەکە و تورکیا ناتوانن سوودی لێ وەربگرن.