حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریی گەیاندە کەڕک دووی پیرزین لە هەولێر

پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کەڕک دوو
پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کەڕک دوو

حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریی گەیاندە زەوییەکانی کەڕک دووی پیرزین لە هەولێر، خاوەن زەوییەکانیش دەڵێن: 14 ساڵ بوو لە چاوەڕوانی تاپۆکردن و مۆڵەتدان بوون بۆ دروستکردنی خانووەکانیان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەونی چەندین ساڵی ئەوانی کردە ڕاستی.

کاروانی ئاوەدانی بەردەوامە، ئەمجارەیان پرۆژە خزمەتگوزارییەکان گەیشتە زەوییەکانی کەڕک دووی پیرزین لە هەولێر، ئەو زەویانەی 14 ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکرا، خاوەن زەوییەکان دڵخۆشن بە وەرگرتنی ڕەزامەندی دروستکردنی خانوو.

ژمارەی پارچە زەوییەکان، نزیکە پێنج هەزار پارچە زەویین، ڕێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو بە سێ هەزار پارچە زەوی دراوە.

غازی زەید هاووڵاتییەکی سوودمەندبووی زەوییەکانی کەڕک دوو بۆ کوردستان24 سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە دوای 14 ساڵ لە وەرگرتنی ئەو پارچە زەویانە کە هیچ خزمەتگوزاریی و ڕێپێدانیان نەبوو، ڕێپیان بۆ دروستکردنی خانوو پێدان و خزمەتگوزارییەکانیان پێیان دەگەیەنن.

عەبدولقادر محەمەد هاووڵاتییەکی دیکەی سوودمەندبووە و بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، پارچە زەوییەکانی کەڕک دوو لە پێنج هەزار پارچە زەوی پێک دێت، لەو ژمارەیەش نزیکەی سێ هەزار پارجچە زەوی ڕێپێدانی بۆ دەرچووە خانووی لەسەر دروست بکەن، دەڵێت: خەڵک دەستی بە ئامادەکاریی کردووە بۆ دروستکردنی خانوو، گوتی: دڵخۆشین کە خزمەتگوزارییەکان دەستی پیێکردووە و لەماوەیەکی کەمدا تەواو دەبن.

زەوییەکان سەرە بلۆکیان بۆ داندراوە و لە داهاتوودا دەبێتە گەڕەکێکی نوێ لەنزیک شەقامی سەرەکی هەولێر-پیرمام، گەڕەکەکە لە چەندین شەقامی سەرەکی پێک دێت، وەک شەقامی 30 مەتری و شەقامی 40 مەتری و شەقامە 12 مەترییەکان، لە داهاتوودا تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بۆ دەچێت.

هونەر مەحمود، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کەڕک دووی پیرزین بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا تەواوی زەوییە کارتەکان تۆمار بکرێن و ڕێگەپێدانی دروستکردنی خانوویان پێ بدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی ببێتە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوونی خۆی.

دەڵێت: لەژێر ڕۆشنایی ئەو بڕیاڕە، ئەمڕۆ دەستمان بە پلان و بەرنامەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کرد بۆ زەوییەکانی کەرتی 40ـی پیرزین کە ناسراوە بە کەڕک دوو، دەڵێت: بە بڕیاری ڕێگەپێدانی دروستکردنی خانوو، سێ هەزار هاووڵاتی سوودمەند دەبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا تەواوی خزمەتگوزارییەکان دەگاتە ئەو زەویانە.

لە پاڵ گەڕەکەکەدا، شەقامێکی شەست مەتری دروست دەکرێت، ئەو شەقامە، هەردوو شەقامی 120  مەتری و 150 مەتریی هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەمەش قەرەباڵغی ڕێگەی نێوان هەولێر-پیرمام بەڕادەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment