ئەکرەم ساڵح: پەکەکە ئامانجی خۆی بۆ تێکدانی ئارامی کوردستان گۆڕیوە
بەرپرسی لقی 22 پارتی لە گەرمیان دوای ڕزگاربوونی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەلایەن پەکەکەوە ئاماژە بەوە دەکات، پەکەکە ئامانجی خۆی لە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ باکووری کوردستان گۆڕیوە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان.
سێشەممە 16ـی تەممووزی 2024، ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22 پارتی لە گەرمیان گوتی: ماوەیەکە پەکەکە بووەتە بەڵایەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان و دەیەوێت شەڕێکی نەخوزراو بێنێتە نێو کوردستان لەڕێگەی کردە تیرۆریستیەکان لە شارو شارۆچکەکان بە سووتاندنی بازاڕ و مۆڵەکان و شوێنە ئابووریەکانی کوردستان، هاکات کە هەوڵی تیرۆرکردنی منیان داوە، دەڵێت: بەو کردەوانە ئەوەیان یەکلایی کردەوە کە پەکەکە لە بزووتنەوەیەکی سیاسی باکووری کوردستان گۆڕاوە بۆ گرووپێکی تیرۆریستی کە ئامانجیان تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستانە، گوتی: ئەوان گۆڕەپانی خۆیان جێ هێشتووە و هەوڵی ئاژاوە و دروستکردنی دووبەرەکی دەدەن لە کوردستان، دەشڵێت: بەو کردەوانە دیسەلمێنن جگەلە گرووپێکی تیرۆریستی هیچی دیکە نین، ئەو کردەوانە دوورە لە هەموو داب و نەریتێکی نیشتیمانی و کوردانە، هەرێمی کوردستان تەنها ناوچەی ئازاد و ئارامی هەر چوار پارچەی کوردستانە کە پەکەکە دەیەوێت نائارامی بکات، بەوەش خزمەت بە داگیرکەرانی کوردستان دەکات.
ئەکرەم ساڵح دەڵێت: سوتاندنی بازاڕ و مۆڵەکان و شوێنە ئابوورییەکان، پەکەکە پشتڕاستی کردەوەتەوە کە گرووپێکی تیرۆریستییە و ئەنجامی داون، گوتی: پەکەکە دەستبەرداری پەیامی مافی کوردایەتی و ئازادیی بووە، باکووری کوردستانی جێ هێشتووە و هەموو شەڕ و ئاژاوەکانی گواستووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و سووپای تورکیای پەلکێشی ناو خاکی کوردستان کردووە، دەڵێت: ئەو کردەوانە پێناسەی ڕاستیی پەکەکە دەکەن، ئەوانەی پەکەکە دەیکات، کاری هیچ لایەکی دیکە نییە کە ئامانجی تێکدانی ئارامی کوردستانە و دژی مرۆڤایەتییە، گوتی: سەدان و هەزاران گەنجیان فریو داوە، دەیانکەنە قوربانی شەڕێک ئامانجی دیار نییە و نازانن بۆ چی ئەو کردەوە قێزەوەنانە دەکەن.
ئەکرەم ساڵح گوتی: هەوڵەکانی پەکەکە بەو ئاراستەیە کە لایەنەکانی نێو حکوومەتی هەریمی کوردستان ناکۆکیان بکەوێتە نێوان، ئەو کردەوانەی کردوویەتی، تەنها ئامانجی دروستکردنی بێ متمانەییە لەگەڵ تێکدانی لایەنەکانی کوردستانە، کردەوەکانیشیان زوو ئاشکرا دەبن کە هەموو لایەک لە مەترسییەکانی پەکەکە تێدەگەن، هەر لایەک هاوکارییان بێت، دەبێتە بەشێک لە کردەوەکانیان، گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیە بکات کە پەکەکە دەیەوێت ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵکی کوردستان و لایەنەکان دروست بکات، دەشڵێت:هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی کە لە ئامانجی خۆی لا دەدات، دەبێتە مەترسی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و دانیشتیوانی ئەو دەڤەرانە، پێویستە پەکەکە زوو بەهەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە، چونکە رۆژگارێکی ڕەش چاوەڕێیان دەکات.
ڕۆژی (16ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە: لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەمموزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو گرووپە تێکدەرە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگری لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لە کارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵ کراونەتەوە و ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، ڕقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کودستان".
هەروەها جەختی کردووەتەوە: ئەم گرووپە بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کاری نایاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هاوکات باسی لەوەشکردووە: ئەم سەرەڕۆییەی گرووپی تێکدەری پەکەکە، داهاتووی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاردانەوەی نەرێنی و نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت، بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک.
دەرئەنجامی ئەو کردەوانەی پەکەکە بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو ئەنجام دەدەرێت، بە نموونەی ئەوانەی بازاڕەکانیان سووتاند و دانیان بە پلانەکانیان کرد، لەگەڵ هەوڵی تیرۆرکردنی من، جگەلە زیان گەیاندن بە خەڵکی کوردستان و دروستکردنی دڵەڕاوکێ هیچی دیکە نییە.