بۆردومانەکانی ئیسرائیل چڕتربوونەتەوە و دۆخی غەززەش سەختتر دەبێت
ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا پێنج قوتابخانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووەتە ئامانج و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا زیاتر لە 320 فەڵەستینی کوشتوون.
یەکێتی ئەورووپا و بەرتانیا نیگەرانی خۆیان لە بارەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی قوربانیان و کردنە ئامانجی دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەربڕی. سەرەڕای ئەمە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕژدە لەسەر زیادکردنی فشارەکان لەسەر حەماس.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند، بۆردومانکردنی قوتابخانە و کەمپی ئاوارەکان لەلایەن ئیسرائیل قەبووڵکراو نییە.
دەیڤی لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە تەنیشت سەرۆکی ئیسرائیلەوە گووتی، "دەیانەوێت ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی غەززە کۆتاییان بێت".
لامی گوتیشی، "هیوادارم لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئاگربەست لە غەززە ببینین. لەم ڕوانگەیەوە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆمان دەدەین. لەگەڵ گروپی حەوت گوشار بۆ هاتنەکایەی ئاگربەست دەکەین. دەمانەوێت بەزووی ئەمە رووبدات. دەمانەوێت ئەو ئازار و مەینەتییەی خەڵکی غەززە هەیەتی کۆتایی بێت."
سەرەڕای هەموو فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵام بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕژدە لەسەر چڕکردنەوەی هێرشەکان و زیادکردنی فشارەکان لەسەر حەماس.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئێستە ڕێک ئەو کاتەیە فشارەکان زیاتر بکەین، بۆ ئەوەی هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەو ماڵەوە، ئەوانەی زیندوون و ئەوانەشی، کە مردوون. هاوکات بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکانی جەنگەکە."
بۆردومانەکانی ئیسرائیل دەست لە هیچ شوێنێک ناپارێزێت. تەنانەت نەخۆشخانە، قوتابخانە و کەمپەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئیدی شوێنێکی سەلامەت نین بۆ فەڵەستینییەکان.
دەسەڵاتی فەڵەستین بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی زیاتر لە 320 هاووڵاتی فەڵەستینی کوشتوون.